کۆنترین قوتابخانەیە

نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەیەکی کەلار نیگەرانی لێدەکەوێتەوە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

نۆژەنکردنەوەی دیواری حەوشەی قوتابخانەیەک بە بلۆک، نیگەرانی بەشێک لە ھاوڵاتیانی کەلاری لێدەکەوێتەوە و پەروەردەی گەرمیانیش بڕیاری راگرتنی نۆژەنکردنەوەکە دەدات.

قوتابخانەی شێروانەی جاران و کەلاری بنەڕەتیی ئێستا، کۆنترین قوتابخانەی کەلارە، لە ساڵی 1931 دامەزراوە، دەکەوێتە گەڕەکی کەلاری کۆن، نیگەرانییەکە بۆ ئەوە بووە، هاوڵاتیان داوایان کردووە دەبێت ئەو قوتابخانەیە لەسەر شێوازی کۆن نۆژەن بکرێتەوە.

دارا ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشیی پەروەردەی گەرمیان بە 964ـی وت، “کەسوکاری قوتابییەکانی ئەو قوتابخانەیە ھاتنە لامان کە دیواری حەوشەکەی کۆن بووە و مەترسیی بۆ سەر ژیانی قوتابییەکان ھەیە، ئەوانیش بڕیاریاندا دیوارەکەی بڕوخێنرێت و نۆژەن بکرێتەوە”.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاتی نۆژەنکردنەوەی دیوارەکە بە بلۆک، کۆمەڵێک کەس نیگەران بوون لەوەی کە قوتابخانەکە کۆنترین قوتابخانەیە لە قەزاکە، پێویستە لەسەر شێوازە کۆنەکەی نۆژەن بکرێتەوە، ئەوانیش بڕیاریان داوە کارەکانی رابگرن و ئەوەشی کە دروستکراوە بە بلۆک بڕوخێندرێتەوە.

964 دەزانێت، بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری گەرمیان رەزامەندیان داوە کە تیمی ئەندازەیی دابین بکەن قوتابخانەکە بە شێوازی کۆنی خۆی نۆژەن بکرێتەوە، تیمەکەی شوێنەوار ھاتوون سەیری قوتابخانەکەیان کردووە و دەرخستەی بۆ دەکەن بۆ ئەوەی بەو شێوازەی خۆی نۆژەن بکرێتەوە.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد