تیمەکانى شارەوانى و پۆلیس

بە پێدانى سەر و قاچى مریشکى ژەهراوى 200 سەگى بێلانەیان لەناو بردووە

+964

سیروان خورشید- دوزخورماتوو

تیمەکانی ڤێترتەرنەری و شارەوانی و پۆلیس، هەڵمەتى لە ناوبردنی سەگی بێلانەیان لەرێگەی پێدانی گۆشت و سەرو قاچە مریشکی ژەهراوی لە ناو گەڕەکەکانی دوزخورماتوو، دەستپێکردەوە.

زینە حەیدەر، بەڕێوبەری بەشی ڤێترتەرنەری دوزخورماتوو بە 964ی وت،”هەڵمەتەکە بۆ نەهێشتنی سەگە بێلانەکان و پێشتر لەلایەن شارەوانی قەزاکەوە چەند جارێک هەستاون بەو هەڵمەتە.

پاساوى بەشى ڤێترتەرنەری دوزخوورماتوو بۆ ئەو هەڵمەتە رێگری کردنە لە بڵاوبوونەوەى نەخۆشى مەترسیدار بۆسەر هاوڵاتیان، بەڵام بەشێک لە هاوڵاتییانى قەزاکە و ئاژەڵدۆستان نیگەرانن کە دواى ژەهراوی بونی سەگەکان، بە تۆپیوى جێدەهێڵدرێن و دواتر منداڵان لێیان نزیک دەبنەوەو دەبنە هۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆس و گواستنەوەی جۆرەکانی نەخۆشی، داواش لەشارەوانی قەزاکە دەکەن بنبڕی ئەو دیاردەیە بکرێت.

لە بەرامبەردا، مەرعی رەشید، سەرۆکى شارەوانی خورماتوو بە 964ی وت،”رێگە نادەین ئەو تیمانەی کە سەگەکان لەناو دەبەن لاشەکانیان جێبهێڵن، بەڵکو دواى تەواوکردنی ئەرکەکانیان بگەڕێنەوەو ئەو سەگەکانەى لەناوبراون کۆبکرێنەوەو ببرێنە دەرەوەی قەزاکە بۆ فڕیدان”.

بە وتەى بەڕێوەبەرى ڤێترتەرنەری دوزخورماتوو، چەندین جارە لەرێگەی شارەوانی قەزاکەوە نوسراویان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی شارەوانی بەغدا کردووە بەمەبەستی کردنەوەی شێلتەرێكی كۆكردنەوەی سەگی بێلانە لە سنورەکەدا، بەڵام تائێستا وەڵامی داواکەریەکەیان نەدراوەتەوە.

بەپێى زانیارییەکانى پەیامنێرى 964 ، لەماوەی تەنیا یەک مانگدا زیاتر لە 200 سەگی بێلانە لە سنورى قەزاى دوزخورماتوو لە رێکەى ژەهراویکردنەوە، لەناوبراون.

وەک ئەوەى لایەنە پەیوەندیدارەکان خستویانەتەڕوو، پێشتر لە سنورى دوزخوورماتوو، رێژەى سەگە بێلانەکان 500 سەگ دەبوون، بەڵام ئێستا ژمارەکە 1000 دانەى تێپەڕاندووە.