پشدەر

تاوێرێکی گەورە رێگای نێوان دوو ناحیەی داخست

وریا فەتاح

بەهۆی داڕمانی شاخ و کەوتنی تاوێرێکی گەورە، رێگای “کوڕەتاوڵ” کە هەردوو ناحیەی ئیسێوە و هێرۆ لە سنووری ئیدارەی راپەڕین بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەڕووی هاتوچۆدا داخرا.

هۆکاری داڕمانەکە بۆ بارانە بەخوڕەکەی چەند رۆژی رابردوو دەگەڕێتەوە کە بووەتە هۆی تێکچوونی خاکی شاخەکە و بەربوونەوەی ئەو بەردە گەورەیە بۆ سەر رێگاکە.

محەمەد ناسر، ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی راپەڕین بە تۆڕی 964ی راگەیاند: “ئێمە ئاگاداری رووداوەکەین و تیمەکانمان بە زووترین کات سەردانی شوێنەکە دەکەن بۆ ئەوەی رێگاکە بکەنەوە و هەرچی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین.”

ئەو ئەندازیارە ئاماژەی بەوەش کرد کە هەرچەندە بەهۆی ئەو تاوێرەوە هاتوچۆ لەو شوێنە وەستاوە، بەڵام رێگاکە لاوەکییە و رێگایەکی سەرەکیی ستراتیژی نییە.