هەواڵی زیاتر

چوارشەممە مۆڵەت نییە و رۆژئاواش غازی باشووری دەوێت

964+

ژووری هەواڵ

هەرچیتان کردووە رۆژی چوارشەممە نەچن بۆ مامەڵەی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری، چونکە لە هیچ پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان بۆ کەسی ناکەن، باشترە ئەوانەی لە ناوشارەکانن رۆژی پێنجشەممە بچن، و دەرەوەی شاریش بۆ یەکشەممەی ئایندە دوای بخەن.
وەزارەتى ناوخۆ سەرقاڵی نوێکردنەوەى سیستەمی مۆڵەتە ئەلیکترۆنییەکەیە، رەنگە تا پێنجشەممە کارەکانی تەواوبکات، لە ئاگاداری نامەیەکدا کە بۆ 964 نێردراوە ئەوەش باسکراوە، پڕۆسەکە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە تاقیکردنەوەی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری ئەنجام دەدەن.

داواکاری هەیە هەرێمی کوردستان غازی ماڵان بۆ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان دابینبکات، تازە سەرچاوە گرنگەکەی غازی وێستگەی سوەیدییە لە رۆژئاوای کوردستان کە تورکیا بۆردومانی کردووە زەحمەتە بەم زووانە بکەوێتەوەکار، غاز کەمە و لەبری 10 هەزار لیرە، بازرگانەکان بە 400 هەزار لیرە بە خەڵکی دەفرۆشن.
عەگید عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری کارگەی غاز لە دامەزراوەی سوەیدییە بە میدیا خۆجێییەکانی رۆژئاوای کوردستانی وتووە، لە قۆناغی سەرەتایی دەستەبەرکردنی غازەکەداین، بە هەموو توانایەکەوە کاردەکەین بۆ دابینکردنی، چونکە خواست لەسەر غازی ماڵان زۆر زیادیکردووە.

بەهۆی پێکدادانی بارهەڵگر و ئۆتۆمبیلێکی تایبەت، کەسێک گیانی لەدەستدا کە تەمەنی 40 ساڵە، رووداوەکە لە کۆمەڵگای کواشێی سەر بە قەزای سێمێل روویداوە.
بەدرخان کۆچەر، بەرێوەبەری هاتۆچۆی سێمێڵ بە 964ی وت، بەهۆی رووداوەکەوە شۆفێری ئۆتۆمبیلە تایبەتەکە کە لێکزس بووە، گیانی لەدەستداوە کە پیاوێکی تەمەن 40 ساڵە و خەڵکی قەزای سێمێلە و بە تەنیا لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بووە.
ئەمە دووەم رووداوی هاتوچۆ بووە لە قەزاکەدا کە ئەمڕۆ تۆماریان کردووە.