چیتر منداڵەکان تووشی مەلاریا نابن

کامیرۆن نزیکەی 250 هەزار منداڵ دەکوتێت

964+

میدیا گۆران

کامیرۆن دەبێتە یەکەم وڵات کە بە بەردەوامی ڤاکسینی نەخۆشی مەلاریا بە منداڵان دەدات.

بەپێی ماڵپەڕی بەرنامەی هاوپەیمانی جیهانی بۆ ڤاکسین و کوتان (GAVI)، ڤاکسینێکی نوێیان دروستکردووە بۆ نەخۆشی مەلاریا، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە دەست بە کوتانی منداڵان بکرێت، ئەمەش بە هەنگاوێکی گرینگ دادەندرێت لە کەمکردنەوەی نەخۆشی مەلاریا کە بەهۆی مێشوولەوە لە کیشوەری ئەفریقیا بڵاودەبێتەوە و ساڵانە ٪95ی هۆکارەکانی مردنە لە تەواوی جیهاندا.

ئاوریلیا نگوین، بەرپرسی بەرنامەی هاوپەیمانی جیهانی بۆ ڤاکسین و کوتان (GAVI) دەڵێت: “ئەم ڤاکسینە ژیانی خەڵک رزگار دەکات”، هەروەها هاوکارییەکی باشی کەرتی تەندروستی کامیرۆنە.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) پێشنیاری ئەوە دەکات سەرەتا ڤاکسینەکە بدرێتە ئەو منداڵانەی کە لەو ناوچانە دەژین کە ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی مالاریا بەرزترە، دەوڵەتی کامیرۆن نیازی هەیە لەمساڵ و ساڵی داهاتوو نزیکەی 250 هەزار منداڵ بکوتێت، هیوای ئەوەش دەخوازێت تا ساڵی 2025 نزیکەی 6 ملیۆن منداڵ بکوتێت و ژیانیان بپارێزێت، (GAVI) کە بەرنامەی هاوپەیمانی جیهانی بۆ ڤاکسین و کوتانە ئەوەشی راگەیاند، کە لەسەر هێڵن لەگەڵ 20 وڵاتی تری ئەفریقی بۆ ئەوەی ڤاکسینیان بۆ دابین بکەن.