نەوت دابەشدەکرێت
قوتابیان و مامۆستایانى شارباژێر گەرم دەبنەوە
964+
وریا فەتاح
نزیکەى 103 هەزار لیتر نەوتى سپى بەسەر قوتابخانە و ناوەندە پەروەردەییەکانى سنورى شارباژێردا دابەشدەکرێت و بەڕێوەبەرى پەروەردەى شارباژێریش دەڵێت: لە هەوڵداین خوێندن لە سەرجەم ناوەندەکان دەستپێبکاتەوە.
لەتیف حسێن، بەرێوەبەری پەروەردەی شارباژێر قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: دەستمان بە دابەشکردنى نەوت بەسەر 99 ناوەندى خوێندنى پەروەردەى سنورەکە کردووە، ئەوەش بۆ ئەوەى لە وەرزى دووەمدا بەکاریبهێنن.
بە وتەى بەڕێوەبەرى پەروەردەى شارباژێر، بایکۆت لە بەشێک لە ناوەندەکانى خوێندن شکاوە و خوێندکارانى قۆناغى 12ش دەوام دەکەن و هەوڵ دەدەن لەم یەک دوو رۆژەدا، پڕۆسەى خویندن ئاسایى بکەنەوە.
بڕى ئەو نەوتەى بەسەر قوتابخانەو ناوەندەکانى سنورى پەروەردەى شارباژێردا دابەشدەکرێت، 102 هەزار و 600 لیترە، راوێژ عەتا، لێپرسراوى کارگێڕى پەروەردەى شارباژێر لەسەر شێوازى دابەشکردنى نەوتەکە بە 964ى وت،”دوێنێ دەستمان بە دابەشکردنەکە کردووە و سبەینێ هەموو ناوەندەکان نەوت وەردەگرن، شێوازى دابەشکردنەکە بەپێى پۆلە، هەر پۆلێک بۆ یەک ساڵ 200 لیتر وەردەگرێت، ئەگەر شوێنەکەش زۆر سارد بێت هەر پۆلێک 250 لیترى پێدەدەین”.