بینای رێکخراوی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان - وێنە: 964
تا پێنجشەممە کات هەیە
لە سلێمانی پێنج هەزار کەمئەندام ماون فۆڕم پڕ بکەنەوە
پێشەوا محەمەد
لە 16 هەزار کەمئەندام کە لە سلێمانی هەن، 11 هەزاریان فۆڕمەوە دڵنیایی مانەوە لە ژیانیان پڕکردووەتەوە و سەرۆکی یەکێتیی کەمئەندامانیش داوا دەکات ئەو فۆڕمە پڕبکرێتەوە.
فۆڕمەکە لە لایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە بڵاوکراوەتەوە و تا رۆژی پێنجشەممە 25.1.2024 کەمئەندامان دەتوانن پڕی بکەنەوە.
بە وتەی سامان حسێن، سەرۆکی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان کە بۆ 964 قسەی کردووە، نزیکەی 90 هەزار کەمئەندام موچە وەردەگرن و “نزیکەی 16 هەزاریان لە سنووری سلێمانیدان”.
دەشڵێت، پڕکردنەوەی ئەو فۆڕمە گرنگە بۆ ئەوەی کەمئەندامان بیسەلمێنن ئەو موچەیەی وەریدەگرن شایستەیانە و لە ژیاندا ماون.
بە پێی ئەو مەرجانەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بڵاوکردوونەتەوە، هەر کەمئەندامێک لە کاتی پڕکردنەوەی فۆڕمەکەدا پێویستە:
*خودی کەمئەندام خۆی ئامادە بێت.
*دوو وێنەی مامەڵەی خۆی پێبێت.
*ناسنامەی موچە وەرگرتنی پێبێت.
*کارتی نیشتمانی یان ناسنامەکەی پێبێت.
*ئەو کەمئەندامانەی موچەی وارسی شەهید یان خانەنشینی وەردەگرن و گرێبەستەکە بەناوی ئەوانەوەیە پێویستە گرێبەستەکەیان پێبێت.