بۆ تاکسییەکان لەزگە لێبکەنەوە سزا دەدرێن

+964

فەرمان سادق

کۆمپانیای لێدانی شریت و لۆگۆی تاکسی، شوفێران ئاگادار دەکاتەوە لە لێکردنەوەی لەزگەکەو دەڵێ: لێی کەنەوە سزا دەدرێن.

کۆمپانیای دارا پرینتینگ، کە لایەنی پەیوەندارە بە دروستکردنی شریت و لۆگۆ بۆ تاکسییەکانی ناوشار و دەرەوەی شار، شوفێرانی تاکسی لە سزادانی لێکردنەوەی لەزگەی شریت و لۆگۆ ئاگادار دەکاتەوە.

لە راگەیەنراوێکدا کۆمپانیایەکە دەڵێ: ئەو شوفێرانەی تاکسی کە مامەڵەی لێدانی شریت و لۆگۆی تاکسییان تەواو کردووەو، لەزگەکەیان لێداوە، نابێت بە هیچ شێوەیەک لێی بکەنەوە، چونکە ئەمە لای پۆلیسی هاتوچۆ وەک تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەت مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

 بەگوێرەی ئامارەکان لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە 82 ھەزار تاکسی ھەیە، تا کۆتایی 2022 لە ھەولێر نزیکەی 18 ھەزارو 500 تاکسی لۆگۆیان وەرگرتبوو، لە دھۆک نزیکی هەشت ھەزار و لە سلێمانیش نزیکەی حەوت ھەزار تاکسی لۆگۆیان وەرگرتبوو.

کۆمپانیایەکە، ئەو شوفێرانە ئاگادار دەکاتەوە کە لەزگەکەیان لێکردۆتەوەو داوایان لێدەکات بۆ ئەوەی سزا نەدرێن، ئەوا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوە و کۆمپانیا بکەنەوە بۆ دووبارە لێدانەوەی شریت و لۆگۆکانیان.

شریت و لۆگۆی تاکسی، زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامی هەیە و دوا وادەش 31ـی کانونی یەکەمی 2022 بوو، هێشتا دیار نییە ماوەکە درێژ دەکرێتەوە یان نا.