کارمەندەکانی ئاوی رانییە لە کاتی گۆڕینی غەتاسی بیری گەڕەکی شارەوانیدا - وێنە: بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆ
"زوو زوو غەتاسیان دەسووتێت"
گۆڕینی غەتاسێک 300 ماڵی گەڕەکێکی رانییەی لە بێئاوی رزگار کرد
پێشەوا محەمەد
غەتاسی بیری ئاوی گەڕەکی شارەوانی لە رانییە سووتابوو، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی رانییە زوو فریای کەوتن و 300 ماڵی گەڕەکەکەیان لە بێئاوی رزگار کرد.
بەپێی وتەی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی راپەڕین، نەیانهێشتووە 24 کاتژمێری بەسەردا بچێت و غەتاسەکەیان گۆڕیوە.
سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین بە 964ـی راگەیاند، کێشەی ئەوەیان هەیە زوو زوو غەتاسی بیرەکانیان دەسووتێت و دەبێت بگۆڕدرێن.
وتیشی، “لە گەنجینەدا غەتاسەمان هەیە و ئەگەر نەشمانمێنێت داوای دەکەین بۆمان دابین دەکرێت، خۆشبەختانە تا ئێستا تووشی کێشە نەبووین و نەمانهێشتووە هاوڵاتیان بێئاو بن بەهۆی نەبوون یان دواکەوتنی غەتاسەوە”.
لەناو رانییە بەڕێوەبەرایەتی ئاو 70 بیری هەیە و 40%ـی ئاوی دانیشتوانی رانییە دابین دەکەن.
“بەردەوام بیری نوێی ئاو لێدەدەین، چونکە گەڕەکی نوێ بەردەوام لە زیاندبووندان و راستەوخۆش ناتواندرێت تۆڕی ئاویان بۆ رابکێشرێت”، ئەوەش قسەی سەلام عومەرە.