داهاتی گەشتیاری زیادیکردووە

“لە 2023 زیاتر لە حەوت ملیۆن گەشتیار هاتوونەتە هەرێم”

ژووری هەواڵ

دەستەی گەشتوگوزار ژمارەی ئەو گەشتیارانەی بڵاوکردەوە کە لە ساڵی 2023 سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و دەڵێت، ژمارەکە گەیشتووەتە زیاتر لە حەوت ملیۆن گەشتیار و ئەو داهاتەی لە رێگەی ئەو کەرتەوە بەدەستهاتووە زیادیکردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە 15.1.2024، ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ساڵی رابردوو حەوت ملیۆن و 279 هەزار و 913 گەشتیار لە ناوەڕاست و باشووری عێراق، وڵاتانی کەنداو، ئاسیا و ئەوروپاوە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

ژمارەی ئەو گەشتیارانەش کە لە شارەکانی هەرێمی کوردستانەوە سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی نێوخۆیان کردووە، گەیشتووەتە زیاتر لە دوو ملیۆن.

“قەبارەی سەرمایەیەگوزاری پرۆژە گەشتیارییەکان گەیشتووەتە 42.88٪ و زیاتر لە 55 پرۆژەی گەشتیاری لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان جێبەجێکراون، بڕی سەرمایەگوزاریش لەبواری گەشتیاریدا لە کابینەی نۆیەمدا گەیشتووەتە حەوت ملیار و 387 ملیۆن و 699 هەزار و 880 دۆلار”، ئەمەل جەلال وای وت.

بە وتەی سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار، داهاتی گەشتیاری لە ساڵی 2024 بەراورد بە ساڵی 2019 بە رێژی 17٪ زیادیکردووە.