ئاستى لێڵبونى ئاوى زێى بچوک. وێنە:لاپەڕەی پڕۆژەی ئاوی قەڵادزێ. فۆتۆ: پڕۆژەى ئاوى خاس
20 ملیۆن لیتر ئاو ئامادەیە
کێشەى ئاوى ماڵانى قەڵادزێ چارەسەر بوو
964+
وریا فەتاح
دواى ئەوەى بەهۆى باران بارین و بەرزبوونەوەى ئاستى ئاوى زێى بچووک، سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ لێڵ و قوڕاو بوو، لەئێستادا دۆخەکە ئاساییە و ئاو بەسەر ماڵاندا دابەشدەکرێت.
مارف مەحمود، سەرپەرشتیارى پڕۆژەى ئاوى خاس لە قەڵادزێ بە 964ى وت،”دوێنێ رێژەى قوڕاوبوونى ئاوى زێى بچوک لەسەروى دوو هەزار بوو، لەبەر ئەوە بە باشم نەزانى ئاوەکە بخەمە حەوزەکان و بیپاڵێوین، چونکە هەم پاڵاوتنى قورس بوو، هەم ئەو ئاوە ستانداردەمان دەست نەدەکەوت کە بیدەین بەخەڵک، لەبەر ئەوە پڕۆژەکەمان راگرت”.
بەیانى ئەمڕۆ رێژەى قوڕاوبوونى ئاوى زێى بچوک 330 پلەیە، بە وتەى سەرپەرشتیارى پڕۆژەکە، رێژەى ستاندارد پێنچ پلەیە، بەڵام ئەگەر رێژەى قوڕاوبوون هەتا 700 پلەش بێت دەتوانن بە کردارى پاڵاوتن بیگەیەننە خوار پێنج پلە، بەڵام وەک مارف مەحمود دەڵێت: 330 پلە ئاسانە و دەتوانن بە پاڵاوتن ئاوێکى پاکى لێ بەرهەم بهێنن و بیدەن بە خەڵک.
هەرچەندە دوێنێ لە رێگەى سەرچاوەى ئاوى هەڵشۆ، ئاو دراوە بە بەشێک لە ماڵەکانى قەڵادێ و بەشێکى زۆرى ماڵەکانیش بێ ئاو بوون، سەرپەرشتیارى پڕۆژەکەش دەڵێت: ئەمڕۆ، 20 ملیۆن لیترى پاڵاوتووى پاکمان ئامادەیە بۆ دابەشکردن و هیچ کیشە نەماوە.
پڕۆژەى ئاوى خاس، چوار حەوزى هەیە کە دواى پاڵاوتنى ئاوەکە ئاوى ئامادەکراو بۆ دابەشکردنیان تێدایە، دوو حەوز لە ناو پڕۆژەى ئاوى خاسدایە و دوو پڕۆژەکەى دیکە لە پشتى قەڵادزێن و هەر حەوزیک 10 ملیۆن لیتر ئاو لەخۆى دەگرێت.
“لە وەرزى زستاندا، دانیشتوانى قەڵادزێ رۆژانە پێویستیان بە 20 ملیۆن لیتر ئاو هەیە و لە وەرزى هاویندا خواستەکە بۆ سەروى 30 ملیۆن لیتر بەرز دەبێتەوە” سەرپەرشتیارى پڕۆژەى ئاوى خاسى قەڵادزێ واى بە 964 وت.
پرۆژەی ئاوی خاس لە شاری قەڵادزێ لە یەك كاتژمێردا توانای بەرهەمهێنانی دوو ھەزار و 800 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە و لە باری ئاساییدا رۆژانە 31 ھەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بۆ نزیكەی 90 ھەزار هاوبەشی ئاو لە شاری قەڵادزێ دابین دەكات.