دوانزە عیلمە و بەدەستی خۆی قورئان دەنوسێتەوە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

ساڵح محەمەد ئەمین، ناسراو بە مامۆستا (ساڵح باخوبەرەیی)، دانیشتوی قەزای کەلارە، تەمەنی 73 ساڵە و 50 ساڵ پێش ئێستا خوێندنی مەلایەتی لە روومادی تەواو کردووە.

لە ساڵی 2017 مۆڵەتی مەلای دوانزە عیلمی وەرگرتووە.

وەک خۆی بۆ 964 دەیگێڕێتەوە، ھەر لە تەمەنی منداڵییەوە حەزی بە خۆشنووسی کردووە، ئێستاش لە رێگەی ئۆنلاینەوە بە تەمرینی بەردەوام، شارەزایی لە خەتی خۆشنوسی (نوسخ) پەیداکردووە و بەھەمان خەت قورئان دەنوسێتەوە.

لە بارەی ئەوەی بۆچی بە دەستی خۆی قورئان دەنوسێتەوە وتی، راستە کتێبی قورئان زۆرن، بەڵام حەزمکردووە بەدەستی خۆم قورئانێک بنوسمەوە، کاتێک کە دەیخوێنیتەوە بەدەستی خۆت نوسرابێت ھەستێکی خۆشترە و لە کاتی نوسینەوەش زیاتر ورد دەبمەوە لە ئایەتەکان.

ئەم مامۆستایە دەیەوێت لەماوەی ھەشت مانگ تەواوی قورئان بنوسێتەوە، ئێستا لە شەو و رۆژێکدا سێ پەڕە دەنوسێت، دەڵێت لە رۆژانی داھاتوو لەوانەیە زیاتریشی بکەم، لەگەڵ ئەوەشدا خاوەن دەنگێکی خۆشە.

ئەو قەڵەمانەی قورئانی پێدەنوسێتەوە لە دەرەوەی وڵات ھێناویەتی تایبەتن و کوالێتیان بەرزە، دوای تەواو بوونیشیان فڕێیان نادات و دەیانپارێزێت، ئەوە لەکاتێکدا مامۆستا ساڵح رۆژانە سەرقاڵی وتنەوەی وانەی قورئانە، بەشێوەی روبەڕوو، ھەروەھا دەشڵێت لەڕێگەی ئۆنلاینەوە خوێندکارم ھەیە لە دەرەوەی وڵات و وانەی خوێندنی قورئانی پێدەڵێمەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا