دوو فەرمانبەری دادگای دوبس برینداربوون

میدیازان – وریا رەسول – دوبس

دوو فەرمانبەری دادگای دوبس لەکاتێکدا لەکەرکوکەوە بۆ سەر کارەکەیان دەچوون بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە بریندار بوون.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، رووداوێکی هاتوچۆ لەرێگای نێوان کەرکوک و قەزای دوبس روویدا، تیایدا چوار کەس برینداربوون، دووانیان فەرمانبەرن لە دادگای قەزاکە.

رووداوەکە لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا کۆرۆلا (بیکاشۆ) بووە لەگەڵ پیکابێکی مۆدێل کۆن، یەکەمیان سێ کەس‌و دووەمیان تەنیا شۆفێری تێدا بووە.

هەر چواریان برینداربوون، بەڵام لە ئێستادا دۆخی تەندروستیان جێگیرە.

لەوبارەیەوە، عەقید سوفیان ئیبراهیم، سەرپەرشتیاری هاتوچۆی قەزای دوبس بە میدیازانی وت، هۆکاری رووداوەکە تیژڕەوی بووە و پیکابەکە بە بیکاشۆکەیدا کێشاوە.

میدیازان دەزانێت، دوو سەرنشینی تۆیۆتا کۆرۆلاکە فەرمانبەرن و نیشتەجێی کەرکوکن، بەڵام دەوامیان لە قەزای دوبس بووە.