وەزارەتی پلاندانانی عێراق ساڵێک لە پاشە
964+
بەهرە محەمەد ئەمین – هەولێر
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ژمارەی ئۆتۆمبێلە تۆمارکراوەکانی بڵاوکردەوە، بەڵام داتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵی 2021.
رۆژی پێنجشەممە، 5ی کانونی دووەمی 2023، ئەو وەزارەتە لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، لە عێراق حەوت ملیۆن و 460 هەزار ئۆتۆمبێل تۆمارکراون تاوەکو کۆتایی ساڵی 2021.
ئەو داتایەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەگەرێتەوە بۆ کۆتاییەکانی ساڵی 2021، لە کاتێکدا، ساڵی 2022ش کۆتایی پێهاتووە.
964+ پەیوەندی کرد بە عەبدولزوهرە ئەلهینداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئەو وتی “هێشتا ئاماری 2022مان بڵاونەکردووەتەوە”.
ئەو وتەبێژە نەیویست روونکردنەوەی زیاتر بدات، کە بۆچی لە داتای ئۆتۆمبێلەکاندا ساڵێک لە پاشن.
هەر بەپێی ئەو داتایەی بڵاویانکردووەتەوە، ژمارەی ئۆتۆمبێل لە عێراق بە رێژەی %6 زیادیکردووە بەراورد بە 2020، کە لەو ساڵەدا حەوت ملیۆن و 27 هەزار ئۆتۆمبێل تۆمارکراون.
لە هەرێمی کوردستانیش، بەگوێرەی کۆتا ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆ، زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل تۆمارکراون.
بە گشتیی لە عێراق ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان نزیکدەبێتەوە لە 10 ملیۆن، کە بە رێژەی ناوەندیی، نزیکەی هەر چوار کەسێک ئۆتۆمبێلێکی بەردەکەوێت، چونکە دانیشتووانی عێراق نزیکەی 42 ملیۆن کەس دەبێت.