لەهەر کۆڵانێکی سلێمانی

ئەگەر ئاوەڕۆکەتان گیرا پەیوەندیی بە ژمارە 100ـەوە بکەن

پێشەوا محەمەد

شارەوانی سلێمانی ژمارە 100ـی تایبەت کردووە بە تیمی ئاوەڕۆی ماڵان، لە هەر کۆڵانێک ئاوەڕۆ کێشەی هەبوو پەیوەندی بکەن و ئەوەی دیکەی بۆ شارەوانی لێگەڕێن.

بەوتەی بەرپرسێکی شارەوانی سلێمانی، گیرانی ئاوەڕۆکان زۆربوون و هۆکارەکەشی فڕێدانی هەموو جۆرە کەلوپەلێکە بۆ ناو مەنهۆڵەکان و بەشێکیشی پەیوەندی بە گردبوونەوەی قوڕ و لیتەوە هەیە لەناویاندا.

“ئەو ژمارەیە هاوکاریی هاوڵاتیان دەکات تا بە زووترین کات دەستیان بە تیمەکانی شارەوانی بگات و کێشەی ئاوەڕۆکانیان بۆ چارەسەر بکەن”، ئەوە قسەی ئاکۆ عەلی، جێگری سەرۆکی شارەوانی سلێمانییە بۆ 964.

دەشڵێت، بە گشتی ئاوەڕۆکانی سلێمانی لە رووی قەبارە و کوالێتی دروستکردنیانەوە باش ماونەتەوە و بەردەوامیش ئاوەڕۆ بۆ ئەو گەڕانە دروست دەکرێت کە نوێن یان تا ئێستا ئاوەڕۆیان بۆ نەکراوە.

شاری سلێمانی نزیکەی 200 گەڕەکی هەیە.