گردبوونەوەی دووشەممەی رابردووی نانەواکانی هەولێر. فۆتۆ: 964
"دەریناهێنێت"
ئەمڕۆ بەشێک لە نانەواخانەکانی هەولێر بایکۆتیان کرد
+964
شۆڕش هەرکی – هه‌ولێر
بەشێک لە نانەواخانەکانی هەولێر ئەمڕۆ چوارشه‌ممه 10.1.2024 قفڵیان لە دەرگای فڕنییەکانیان دا و دەڵێن به‌و بڕیاره دراوه “بۆمان ده‌ریناهێنێت”.
دوای گردبوونەوەکەی رۆژی دووشەممە 8.1.2024 لە پێش پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ چەند خاوەن نانەواخانەیەک بایکۆتیان راگەیاند و كاریان نه‌كرد.
وەستا هۆشەنگ، خاوەنی یەکێک لەو نانەواخانانەی هه‌ولێره و ئه‌مڕۆ لە رێگای تەلەفۆنەوە بە964ی وت، “بە هیچ شێوەک فرۆشتنی 10 نان بە هەزار دینار بۆمان دەریناهێنێت و زەره‌رمەندی سەرەکی دەبین، چونکە نرخی ئارد گرانە”.
بە قسەی ئەوبێت، هەرزانکردن یان دابەشکردنی غاز هیچ گۆڕانکارییەکی وەهای نابێت، چونکە ئەگەر مانگانە پێنج ملیۆن دینار لە ئارد خەرج بکەن، تەنیا دوو ملیۆن لە غاز خەرج دەکه‌ن، بۆیە چارەسەر تەنیا ئەوەیە هەشت نان بە هەزار دینار بێت و بە کێشی 90 گرام.
هاوكات ئه‌مڕۆ به‌یاننامه‌یه‌ك به ناوی نانه‌واخانه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه، كه رایانگه‌یاندووه به‌و بڕیاره ناتوانن كار بكه‌ن، داواش له سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ن بێته پێشه‌وه و كێشه‌كه‌یان چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام 964 نه‌یتوانی سه‌رچاوه‌ی راستی به‌یاننامه‌كه پشتڕاست بكاته‌وه.
چەند رۆژێک پێش ئێستا، سه‌رۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا، لە نانەواخانەکاندا 10 دانه نان و سه‌موون بکرێتە هەزار دینار له بری 8 دانه، ئەمەش ناڕه‌زایی خاوەن نانەواخانەکانی لێکەوتەوە.
به پێی زانیارییه‌كانی 964 لە شاری هەولێردا زیاتر لە هەزار و 200 نانەواخانە و سه‌موونخانه هەن.
پێداچوونه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا