کشتوکاڵی دهۆک: دەبینە خاوەنی زۆرترین کۆگای ساردکەرەوە لە عێراق

+964

عه‌مار عه‌زیز – دهۆك

لە دهۆک تاوەکو بێت ژمارەی کۆگاکانی ساردکەرەوە زیاد دەبن، کشتوکاڵی ئەو پارێزگایە دەڵێت، لە ئاییندەیەکی نزیک دەبنە خاوەنی زۆرترین کۆگای ساردکەرەوە لە هەموو عێراق.

به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانى 964+، لە سنوری پارێزگای دهۆک، تا ئێستا 49 کۆگای ساردکەرەوە بۆ پاراستنی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان هەن، لەناو ئه‌و ژمارەیە، ته‌نیا هه‌شت دانه‌یان هی حکومه‌تى هه‌رێمن، ئەوانەی تریان کەرتی تایبەت خاوه‌ندارێتییان ده‌كات.

ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵ لە پارێزگای دهۆک بە 964+ی وت، لە مانگی 12ی ساڵی رابردوو، موڵەتی دروستکردنی 48 کۆگای  دیکەی ساردكه‌ره‌وه‌یان داوه‌ته‌ بازرگان و وه‌به‌رهێنه‌ران، بەشێکیان دەستیانکردووە بە دروستکردنی و هه‌ندێكیشیان ماون دروست بكرێن”.

به‌قسه‌ى ناوبراو، بەتەواوبوونی ئەو کۆگایانە، دهۆک دەبێتە خاوەنی 97 کۆگا، ده‌شڵێت “لە هیچ شارێکی تری کورستان هێنده‌ی دهۆک کۆگای ساردكه‌ره‌وه‌ى لێ نابێ، پێشبینیش ده‌كرێ لەسەر ئاستی عێراق ببینە یەکەم پارێزگا بۆ پاراستنی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان”.

کۆگاكانى دهۆك، دەکەونە سنوری قەزای سێمێل، بەردەڕەش و شێخان.

ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ “ئێستا تەنیا پەتاتە دەخرێنە ناو ئەو کۆگایانە، هەر لەبەر ئەوەش تا ئێستا پەتاتەی خۆماڵی لە بازاڕەکاندا بەردەستە و نرخی نەهاتووەتە خوار، لە بەرنامەماندایە سێو، ترێ و هەنار لەو کۆگایانە دابنێن تاوەکو لە وەرزی زستان سوود لەو بەرهەمانەش وەربگرین”.