کامێرای دیاریکردنی تیژڕەوی _ وێنە: 964
دەوترا هەفتەی داهاتوو کاردەکەن
ساغکردنەوە .. وادەی کارکردنی کامێرا جێگیرەکانی سلێمانی دیاری نەکراوە
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
هیچ وادەیەک بۆ کەوتنەوەکاری کامێرا جێگیرەکانی تۆمارکردنی سەرپێچی لەناو شاری سلێمانی دیاری نەکراوە، ئەوە قسەی وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانییە بۆ 964.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 9.1.2024 وابڵاوکرایەوە کە ئاسۆ محەمەد، بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاندبێت کامێراکانی تۆمارکردنی سەرپێچی هەفتەی داهاتوو لەناو شاری سلێمانی سەرپێچی تۆمار دەکەن لەمڕۆشەوە وەک تاقیکردنەوە کاریان پێکراوە.
964 سۆراغی ئەو پرسەی کرد، بەهمەن عەبدوڵا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، بەڕێوەبەری هاتوچۆ باسی لەوە کردووە کار لەو کامێرا جێگیرانەدا دەکرێت و کەی ئامادە بوون وادەی کارکردن تۆمارکردنی سەرپێچی رادەگەیەندرێت.
وتیشی، “هیچ وادەیەک بۆ کارپێکردنەوەی ئەو کامێرایانە دیاری نەکراوە و کەی ئامادە بوون ئێمە شۆفێران ئاگادار دەکەینەوە”.
لەناو شاری سلێمانیدا زیاتر لە 200 کامێرای جێگیری چاودێری بوونیان هەیە.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد