نابێت ئاوەکەی بڕژێت
گەر تەوافەی تانکیەکەت کار ناکات فریای خۆت بکەوە
دیلان محەمەد جەزا
ژمارەیەک ماڵ لە گەڕەکی عەقاری نزیک دەرگای بەشی خوارەوەی پارکی ئازادی لە کاتی سەرەی هاتنەوەی ئاودا، ئاوەکە لە سەربانەکانیانەوە دەڕژێتە سەر شەقامەکە، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی دەڵێت، سەرجەمیان سزا دەدرێن.
بەختیار تاهیر بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی بە 964ـی وت، ئەو ماڵانەی تەوافەی تانکی ماڵەکانیان کار ناکات و لە کاتی سەرەی ئاویاندا تانکیەکانیان پڕ دەبێت و دەڕژێتە سەر شەقامەکان سزا دەدرێن.
ناوبراو باسی لەوەکرد، ئەو ماڵانەی ئاو بەفیڕۆ دەدەن لەلایەن بەشی زیادەڕەویەوە سزا دەدرێن بەبڕی 50 هەزار دینار.
لە کاتی بینینی بەفیڕۆدانی ئاودا سەردانی ماڵەکە دەکەن، گەر ماڵەکە چۆڵ بێت ئەوا ئاگادار دەکرێتەوە، گەر نەچوو بە دەنگیەوە ئاوەکەی دەبڕدرێت.
بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی وتی:”ئەو شوێنانەی ئاو بە فیڕۆ دەدەن ماڵ بێت یاخود هەر شوێنێکی دیکە بێت، وەک یەک سزا دەدرێن و پێویستە تەوافەیان هەیە و کار بکات”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی