ساڵی رابردوو زیاتر لە شەش ملیار دینار بۆ پرۆژەکانی سلێمانی خەرجکراوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی
ساڵی 2022 لە سنوری پارێزگای سلێمانی 75 پرۆژە جێبەجێکراون و گوژمەی زیاتر لە شەش ملیار و 400 ملیۆن دیناریان بۆ خەرجکراوە، بە قسەی وەزارەتی شارەوانی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، ساڵی 2022 لە شاری سلێمانی، لەسەر بودجەی داهاتی وەزارەت لە سێكتەرەكانی شارەوانی، ئاو و ئاوەڕۆ و گەشتوگوزار بە گوژمەی شەش ملیار و 419 ملیۆن و 339 هەزار و 465 دینار، 75 پرۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری لەلایەن دامودەزگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێكراون.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە سێکتەری شارەوانیدا 44 پرۆژە بە گوژمەی چوار ملیار و 717 ملیۆن و 226 هەزار و 600 دینار، جێبەجێكراون.
لە سێكتەری ئاو و ئاوەڕۆدا، 27 پرۆژە بە گوژمەی ملیارێک و 585 ملیۆن و 271 هەزار و 365 دینار، جێبەجێكراون.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت، چوار پرۆژەی گەشتوگوزاریش بە گوژمەی 116 ملیۆن و 841 هەزار و 500 دینار جێبەجێكراون.
بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو کەمترین پرۆژە لە سلێمانی جێبەجێکراوە، لە هەولێر بۆ 91 پرۆژە زیاتر لە 29 ملیار دینار خەرجکراوە، لە دهۆکیش تەنیا ژمارەی پرۆژە پیشەسازییەکان 80 پرۆژە بووە.