کێشەکانی یانەی هەولێر بەرەو کوێ؟

سه‌ردار ئیسماعیل: پرۆژه‌ی شارێكی وه‌رزشی له‌ هه‌ولێر له‌ پلاندایه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی وه‌رزشی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، پلانی بونیادنانی پرۆژه‌ی شارێكی وه‌رزشی له‌ هه‌ولێر هه‌یه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا ئه‌گه‌ر یانه‌ی هه‌ولێر كێشه‌ی گه‌نده‌ڵیی داراییان هه‌بێت رووبه‌ڕووی یاسایان ده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 8.1.2024 سه‌ردار ئیسماعیل به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی وه‌رزش له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا
پانۆرامای كار و چالاكی و پرۆژه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ی بۆ ساڵی 2023 خسته‌ڕوو، كه‌ به‌ وته‌ی خۆی له‌وه‌ته‌ی وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ده‌ستبه‌كاربووه‌، كه‌ ماوه‌ی ساڵێكه‌، توانیویانه‌ چه‌ند كارێكی گرنگ بكه‌ن، به‌ تایبه‌تی له‌ بابه‌تی رێكخستنه‌وه‌ و پله‌به‌ندكردنی یانه‌ وه‌رزشییه‌كان و دابینكردنی مینحه‌ بۆ ژماره‌یه‌ك یانه‌ی وه‌رزشی و زیادكردنی سێ به‌شی گرنگ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ی.
هه‌روه‌ها له‌و كارانه‌ی كردوویانه‌، كه‌مكردنه‌وه‌ی باجه‌ له‌سه‌ر هۆڵه‌ وه‌رزشییه‌كانه‌، جگه‌ له‌وه‌ش دابینكردنی خه‌رجی بۆ خوله‌كانی تۆپی پێی كوردستان و ژماره‌یه‌ك كاری دیكه‌.
له‌ وه‌ڵامی پرسیاری په‌یامنێری 964 كه‌ بۆ چ پرۆژه‌یه‌ك هه‌یه‌ بۆ ساڵی 2024 له‌ بواری ژێرخانی وه‌رزشیدا، سه‌ردار ئیسماعیل وتی، پرۆژه‌ی بونیادنانی شارێكی وه‌رزشی له‌ هه‌ولێر هه‌یه‌ و ره‌زامه‌ندیی سه‌ره‌تاییشی بۆ دراوه‌، به‌ڵام له‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی ئێستا هه‌یه‌، جێبه‌جێ نابێت، به‌ڵكو چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ن كێشه‌ی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا بێته‌ چاره‌سه‌ركردن و هه‌مواری یاسای بودجه‌ بكرێته‌وه‌، ئه‌وكات ده‌توانن پرۆژه‌كه‌ و كاری دیكه‌ش ئه‌نجام بده‌ن.
سه‌ردار ئیسماعیل له‌ باره‌ی كێشه‌كانی یانه‌ی هه‌ولێریش، كه‌ پرسیارێك بوو ئاراسته‌ی كرا، رایگه‌یاند، لیژنه‌ی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌ بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی یانه‌كان، هه‌وڵ ده‌ده‌ن كێشه‌كانیان به‌ پێی رێنمایی و یاسا چاره‌سه‌ر بكه‌ن و ئه‌گه‌ر كێشه‌ی گه‌نده‌ڵیی داراییشیان هه‌بێت، ئه‌وا رووبه‌ڕووی یاسایان ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ بۆ هه‌موو یانه‌كانیش راسته‌ و ته‌نیا بۆ یانه‌ی هه‌ولێر نییه‌.

سەردار ئیسماعیل: لەمەودوا هەموو یانەیەک دەبێت هەژماری ...

سەردار ئیسماعیل: لەمەودوا هەموو یانەیەک دەبێت هەژماری بانکی هەبێت