لە 2021 دەستگیر کراون

ئێران چوار کورد بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ئیسرائیل لەسێدارە دەدات

ژووری هەواڵ

دادگای شۆڕشی تاران، بەتۆمەتی هاوکاریکردنی ئیسرائیل، سزای لەسێدارەدانی سەپاند بەسەر چوار گەنجی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان کە تەمەنیان لەنێوان 26 بۆ 28 ساڵیدایە.

بەگوێرەی هەواڵێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەو چوار گەنجە کوردە پێشتر لە کاتی دەستگیرکردنیان دەسەڵاتی دادوەری ئێران بە ئەندامیێتی حیزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمەتباری کردبوون.

دادگای تێهەڵچوونەوەی ئێران پشتراستی سزادانی هەر چوار کوردەکەی کردووەتەوە بەناوەکانی، موحسین مەزڵووم تەمەن 27 ساڵ و خەڵکی مەهابادە، محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی تەمەن 28 ساڵ و خەڵکی دێولان، وەفا ئازەربار تەمەن 26 ساڵ و خەڵکی بۆکان و پژمان فاتیحی تەمەن 28 ساڵ و خەڵکی کامێرانە، کە هەر چواریان لە رۆژی 23ـی تەممووزی 2021، لە گوندی “یەنگیجە”ـی ناوچەی برادۆست لە پارێزگای ورمێ دەستبەسەر کران.

رێکخراوی هەنگاو، کە رووماڵی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات رایگەیاند، “بنەماڵەی ئەو چوار گیراوە لە کاتی دەستبەسەربوونیانەوە تاوەکو ئێستا، هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووس و شوێنی راگرتنیان نییە و تەنانەت پارێزەرەکانیشیان تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە دۆسیەکەیان بخوێننەوە”.

“ئەو بەندکراوانە بێ دەستڕاگەیشتن بە سەرەتاییترین مافەکانی کەسێکی تۆمەتبارن، یەک ساڵ و پێنج مانگ و پازدە رۆژە لە ناوەندە ئەمنییەکان راگیراون و لەژێر هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکی جەستەیی و دەروونیدان”، هەنگاو وا دەڵێت.

تەنیا لە پێنج رۆژی سەرەتای ساڵی نوێدا لە ئێران 12 کەس لەسێدارە دراون و حەوت کەسیان کوردبوون.