جارێکی دیکە دەربازی بووە
دوای 28 ساڵ بە گازی نایترۆجین سزای مردنی لەسەر جێبەجێ دەکەن
964+
ژووری هەواڵ
تاوانبارەکە دەبەستنەوەو بەزۆر ناچاری دەکەن نایترۆجین هەڵبمژێت تا ئەوکاتەی دەخنکێت، ئەمە رێگایەکی ئازاربەخشە کە بۆ یەکەمجار لە ئەمریکا بەکار دەهێندرێت و رۆژی 25ی ئەم مانگە تاوانبارێکی پێ لەسێدارە دەدرێت.
کینس سمس، تاوانبارێکی ئەمریکی تەمەن 57 ساڵە، ساڵی 1988 لەبەرامبەر بڕێک پارە ژنێکی کوشتووە لە ویلایەتی ئالابامای ئەمریکا، لەساڵی 1996-ەوە حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووەو 28 ساڵی رەبەقە چاوەڕێی جێبەجێکردنی حوکمەکە دەکات، دواجار ئەم گازە کوشندەیە بوو بە نسیبی.
ماسکێک دەکرێتە دەموچاوی کینس کە بەتەواوی دەم و لوتی دادەپۆشێت، ئەو ماسکە لەچەند بوتڵێک بەستراوە کە پڕن لە گازی نایترۆجین، بۆ ماوەی 5 تا 15 خولەک گازەکە بەردەدرێتەوە بۆ ئەوەی تاوانبارەکە هەڵیبمژێت تا ئەو کاتەی دەخنکێت.
لەگەڵ ئەوەی نایترۆجین %78ی ئەو هەوایە پێکدەهێنێت کە هەڵیدەمژین، بەڵام ئەگەر لەگەڵ بڕی پێویستی ئۆکسجیندا تێکەڵ نەبێت، دەبێتە گازێکی کوشندە.
لەبەر ئەوەی کینس سمس یەکەمین کەسە ئەم شێوازەی لەسەر تاقی دەکرێتەوە، بۆیە ئەگەری هەڵەکردن زۆرە، پزیشکەکانی ئەمریکا دەڵێن، ئەگەر لەکاتی جێبەجێکردنی حوکمەکە ئۆکسجین تێکەڵی گازەکە ببێت، ئەوە تاوانبارەکە نامرێت، خۆ ئەگەر ئەم رێگایەش سەرکەوتوو نەبێت، ئەوا دەبێتە دووەمجار کە کینس سمس لەمردن رزگاری دەبێت.
جاری پێشوو لەمانگی 11ی ساڵی 2022 فەرماندرا حوکمەکەی کینس جێبەجێ بکرێت لە رێی لێدانی دەرزی کوشندەوە، تاوانبارەکە لەسەر جێگای کوشتن پاڵخراو بەسترایەوە، هەرچەند هەوڵیاندا دەمارێک بدۆزنەوە دەرزییەکەی لێ بدەن بێ سوود بووە، بۆیە بەناچاری شکستی لەسێدارەدانەکەیان راگەیەندراو بردیانەوە بۆ زیندانەکەی.
پاش ئەوە دادگا بڕیاریدا شێوازەکە بگۆڕێت بۆ هەڵمژینی گازی کوشندە، بەمەش دەبێتە یەکەم حاڵەت لە جیهاندا کە بەهۆی گازی نایترۆجینەوە لەسێدارە بدرێت.
پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە ئەمریکا کردووە ئەو شێوازی لەسێدارەدانە بەکارنەهێنێت، دەڵێن کوشتن بە گازی نایترۆجین ئازاربەخش و سوکایەتیکردنە بەکەسە، ئەوەی دەکرێت ئەشکەنجەیە نەک کوشتن، چونکە کەسەکە بە ئازارێکی زۆرەوە دەخنکێت.