ئامێرەکان ئامادەن
دڵی منداڵان چاوەڕێی واژۆیەکی وەزارەتی تەندروستییە
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
منداڵپارێزی کوردستان داوای دامەزراندنی ستاف دەکات بۆ نەخۆشخانەی دڵی منداڵان لە سلێمانی و دەڵێن، داوایان لە وەزارەتی تەندروستی کردووە و چاوەڕوانی وەڵامن.
نەخۆشخانەکە، یەکەم نەخۆشخانەی تایبەتە بە نەخۆشییەکانی دڵی منداڵان لە هەرێمی کوردستان، لە لایەن رێکخراوی منداڵپارێز و تەندروستیی سلێمانییەوە بەڕێوەدەبرێت و ساڵی 2023 نزیکەی چوار هەزار منداڵ لەلایەن پزیشکانی راوێژکارەوە بینراون.
ئەمڕۆ شەممە 6.1.2024، نوعمان عەبدولڕەحمان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی منداڵپارێزی کوردستان بە 964ی راگەیاند، نەخۆشخانەکە ئێستا تەنیا بەشی راوێژکاری هەیە، بەڵام سەرجەم ئامێرەکانی بەشی نەشتەرگەری، قەستەرە و چاودێری ئامادەن.
نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی پارە لە کەسوکاری منداڵان وەردەگرێت؟
وتیشی، تەنیا چاوەڕێی دامەزراندنی ستافین تا هەموو بەشەکان بکرێنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش داوامان لە وەزارەتی تەندروستی کردووە و چاوەڕێی وەڵامین، هەرکات ستاف ئاماەبوون سەرجەم بەشەکانی دیکەی نەخۆشخانەکە دەکرێتەوە.
نەخۆشخانەکە مانگی نۆی ساڵی 2021 لە شاری سلێمانی کراوەتەوە، بەپێی وتەی ئەندامەکەی دەستەی بەڕێوەبردنی منداڵپارێزی کوردستان جگە لە منداڵانی کوردستان منداڵانی پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش بۆ نەخۆشخانەکە دەهێندرێن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا