لە زانکۆی سەڵاحەدین

بیر و بەرهەم و داهێنانی عەزیز گەردی دەکرێت بە کۆنفرانس

پێشەوا محەمەد

وا بڕیارە لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا کۆنفرانسی بیر و بەرهەم و داهێنانی عەزیز گەردی لە زانکۆی سەڵاحەدین بەڕێوە بچێت و لیژنەی ئامادەکاری فێستیڤاڵیش چاوەڕوانی توێژینەوە دەکات.

کۆنفرانسەکە هەوڵێکە بۆ ناساندنی عەزیز گەردی وەک پەروەردەکارێک، چونکە بەرلەوەی ببێتە مامۆستای زانکۆ مامۆستای قۆناغەکانی سەرەتایی بووە و سەدان قوتابی پێگەیاندووە، هەروەها رۆڵی ناوبراو لە دانانی پڕۆگرام بۆ پەروەردە و خوێندن لە هەرێم.

هەر لە کۆنفرانسەکەدا کار لەسەر پێگە و رۆڵی وەرگێڕە کوردەکان و بەتایبەت عەزیز گەردی دەکرێت و رۆڵ و هەوڵەکانی لە بوواری زمانپاراوی و پاراستن و دەوڵەمەندکردنی زمانی کوردیدا دەخرێتە بەرباس.

لە راگەیەندراوی لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکەدا هاتووە، ئەو کۆنفرانسە هەوڵێکە بۆ لێکۆڵینەوە لە رەهەندە جیاوازەکانی بیر و هزر و داهێنانەکانی عەزیز گەردی لە بووارەکانی پەروەردە و خوێندن، وەرگێڕان، لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و زمان و ئەکادیمی.

کۆنفرانسەکە تا 1.4.2024 توێژینەوەکان وەردەگرێت و توێژەران دەتوانن توێژینەوەکانیان بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی و ئینگلیزی بنووسن.

عەزیزی گەردی، لە ساڵی 1947 لە بەحرکە لەدایک بووە، یەکێک لە ناسراوترین وەرگێڕەکانی کوردە و نزیکەی 200 کتێبی چاپکراوی هەیە. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2022 بەهۆی سستبوونی گورچیلەکانی لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.