ئەمڕۆ شانۆی پیانۆ لە هەولێر نمایش دەکرێت
بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری بۆ 964:
“نمایشی شانۆی پیانۆ لە هەولێر نەوەستاوە و ئەمڕۆ ئەنجام دەدرێت”
شۆڕش قادری
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان / بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر دەڵێت، بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر ، ئەمڕۆ شانۆی پیانۆ نمایش دەکرێت.
ئاریان سەڵاحەدین بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری بە 964ـی وت، “نمایشی شانۆی پیانۆ لە هەولێر نەوەستاوە و ئەمڕۆ ئەنجام دەدرێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند کاتژمێری داهاتوو روونکردنەوەی پێویست دەدەن لەسەر ئەو هەڵەیەی کە لەسەر نمایشەکە هەبوو.
درەنگانی شەوی رابردوو، پەیجی فەرمی شانۆی پیانۆ لە ئاگادارییەکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکی و لێکتێنەگەشتنی داوەتنامەکانی نمایشەوە، کە لۆگۆی حکومەتی هەرێم لەسەرەوەی پۆستەرەکە نەبوو، بەبڕیاری وەزارەتی رۆشنبیری نمایشی شانۆی پیانۆ لە هەولێر راگیراوە.
شانۆی پیانۆ پێشتر لە شاری سلێمانی نمایش کراوە و قەرارە ئەمڕۆ شەممە 5.9.2026 لە هەولێری پایتەختیش ئەنجام بدرێت.