"لە ساڵی نوێدا زیاتر رووبەڕوو دەبینەوە"

لە ئیدارەی راپەڕین 600 سەرپێچی سەر تۆڕی کارەبا بڕدراون

پێشەوا محەمەد

لە ساڵی 2023ـدا 600 سەرپێچی سەر تۆڕی کارەبا لە لایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕینەوە بڕدراون و سزا دراون.

بە پێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، کە بە 964 دراوە، زیادەڕۆییەکان راکێشانی کارەبای بێ مۆڵەت و دەستکاریکردنی پێوەری زیرەک بوون.

عەلی مەحمود، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای راپەڕین بە 964ـی راگەیاند، سەرپێچییەکان زۆرینەیان سزای دارایی بوون و سەرجەمیشیان بڕدراون و بەڵێننامە بەوانە پڕکراوەتەوە کە ئەنجامیان داوە تا دووبارەی نەکەنەوە.

دەشڵێت، لە ساڵی نوێدا زۆر بە چڕی و سزای زیاترەوە رووبەرووی سەرپێچییەکانی سەر تۆڕی کارەبای ئیدارەی راپەڕین دەبنەوە.

لە سنووری ئیدارەی راپەڕین 104 هاوبەشی کارەبا بوونیان هەیە.

“ئەگەر کەسێک دووبارە سەرپێچی سەر تۆڕی کارەبا بکات یان کارمەندێکی کارەبا هاوکاریی کردبێت ئەوا کەیسەکە راستەوخۆ دەدەین بە دادگا”، ئەوەش قسەی عەلی مەحمودە.