لە رانییە کەسێک لەسەر بە قاچاخناردنی خەڵک بۆ ئەورووپا دەستگیر دەکرێت
تۆمەتبارە بە خنکانی ٩ کەس لە نۆکەندی ئینگلیز
میدیازان – مەجید بیتوێنی- رانیە
لەسەر سکاڵای هاووڵاتییان، پۆلیسی راپەڕین کەسێکی دەستگیر کرد، کە دەستی هەبووە لە ناردنی ئەو ٩ کەسەی مانگی یانزەی پار کەشتییەکەیان لە نۆکەندی سوێس نوقوم بوو، بەو هۆیەوەلە ٣٤ سەرنشین ٢٨ کەسیان خنکان.
شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین بە میدیازانی راگەیاند: ئەو کەسە بەناوی (ب،م،ع) بە تۆمەتی کەیسی تایبەت بە بەڕێکردنی خەڵک بۆ دەرەوەی وڵات بە قاچاغ دەستگیر کراوە.
دەستگیرکراوەکە لەدایکبووی ساڵی 1986ـە. بەپێی ماددەی 10 لە یاسای ژمارە 76 ساڵی 2001ـی سەرۆکایەتیی هەرێم دەستگیر کراوە و رەوانەی لای دادوەری لێکۆڵینەوەی حاجیاوا کراوە بۆ وەرگرتنی وتەکانی.
ئەمرۆ سێشەممە لەبەردەم دادگای حاجیاوا لە قەزای رانییە، کەسوکاری قوربانییانی رووداوی نقومبوونی بەلەمی ئەو کۆچبەرانەی لە ئاوی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا بێسەروشوێن بوون کۆنگرەی رۆژنامەوانییان ئەنجام دا.
رەنج مستەفا، پارێزەری کەیسی خنکاوەکان رایگەیاند: لە دادگای بەریتانیا لە کوردستان سکاڵامان تۆمار کردووە و بەجدی کار لەسەر ئەو کەیسە دەکەین و رێکاری یاسایی دەگرینەبەر.
دەشڵێت: داواکارین ئەو کەسەی دەستگیر کراوە بەسزای یاسایی خۆی بگات.
لە 24ـی 11ـی2021دا، یەختێک کە 34 سەرنشینی هەڵگرتبوو، لە نۆکەندی ئینگلیز نقووم بوو لە ئەنجامدا 28 کەسیان خنکان و 4یان تا ئێشتاش بێسەروشوێنن و 2 کەسیشیان رزگاریان بوو. لەو ژمارەیەش 9 کەسیان دانیشتووی دەڤەری راپەڕین بوون.