هەواڵی وەرزشی زیاتر
نەیمار لە کۆڵی پاریس نابێتەوە و رۆناڵدۆش هەر خەڵات ئەچنێتەوە
964+
ژووری هەواڵ
وادیارە بەڵای نیمار لە کۆڵی پاریس سانجێرمان نابێتەوە، نیمار خۆی رۆیشتووە بۆ هیلالی سعودی، بەڵام بەزمەکانی هەر لەپاریس جێماون.
میدیاکان دەڵێن، دادگاکانی فەرەنسا جارێکی تر لە دۆسێی گواستنەوەی نیمار دەکۆڵنەوە لە بەرشەلۆنەوە بۆ پاریس، دەڵێن گەندەڵییەکی تێدایە.
قسەکە لەسەر ئەوەیە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی گەلی پێشووی فەرەنسا کارئاسانی بۆ گرێبەستەکە کردووە، لەبەرامبەردا یانە پاریسییەکە تیکتی یارییەکانی داوەتێ لەگەڵ کۆمەڵێک دەستکەوتی دیکە.
هەرشتێک ناوی خەڵات بێت کریستیانۆ دەیباتەوە، ئەمجارە خەڵاتی مارادۆنای بردەوە، چونکە کەس نییە بە قەد ئەو لەساڵی پاردا گۆڵی کردبێت.
رۆناڵدۆ 54 گۆڵی کردووەو کەس نییە شان بدات لەشانی، بەهۆی ئەوەشەوە بوو بە باشترین گۆڵکار بۆ ساڵی 2023.
رکابەرەکانی ئەم خەڵاتە، ئێمباپێ و هالاند بوون.
خەڵاتی مارادۆنا لەناو خەڵاتەکانی گڵۆب سۆکەرو لەلایەن ئەنجومەنی وەرزشی دوبەیەوە دەبەخشرێت.
رۆناڵدۆ باشترین خەڵاتی ساڵی بردەوە، بەڵام خەڵاتەکەی مالدینی دۆڕاند.
ئەفسانەی هێڵی بەرگری تۆپی پێی ئیتاڵی پاولۆ مالدینی سێ باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێی جیهانی دەستنیشانکرد، بەڵام ئەوەی سەیر بوو کریستیانۆ رۆناڵدۆی فەرامۆش کرد.
لەبۆدکاستێکی بەناوبانگی جیهانیدا لە مالدینیان پرسی: کێ سێ باشترین یاریزانی تۆپی پێیە، وتی بێگومان رۆناڵدۆی بەرازیلی و مارادۆناو مێسی.
مالدینی وتیشی: بەختی ئەوەم هەبوو لەگەڵ رۆناڵدۆی بەرازیلی و مارادۆنا یاری بکەم، بەڵام فریای مێسی نەکەوتم.
ریال مەدرید نیوەی رێگاکەی بڕیوەو نیوەی دووەمی ماوە، نیوەی یەکەمی خولی ئیسپانی تەواو بوو ریال هەر لەسەرەوەی لوتکەکەیە، بەڵام سوارچاکی ئەمساڵ جیرۆنایە، دیارە قەولی داوە پلەی دووەمی بەرنادات و چاوی لە شوێنەکەی ریالیشە.
جیرۆنا یارییەکی ماراسۆنی لەگەڵ ئەتلەتیکۆ مەدرید کرد، لە دوا خولەکەکاندا گۆڵی بردنەوەی کردو 4 بە 3 بردیەوە.
ئێستا جیرۆنا 48 خاڵی هەیە و شانی ناوە بە شانی ریالەوە، جیاوازیان تەنیا یارییەکەی نێوانیانە، ئەگەر هیچ نەگۆڕێت و یەکێکیان لەوەی تر بباتەوە یەکەمە. کۆتایی