سنوری ناحیەی بالیسان. وێنە :964
بالیسان دەیکات بە دوو
بۆ جاری دووەم نەوت بەسەر ناوچە ساردەکاندا دابەش دەکرێت
+964
ئاکام غەفور
لە هەفتەی داهاتووەوە هەر ماڵێکی سنوری ناحیەی بالیسان 100 لیتر نەوتیان پێدەدرێت، دوای ئەوەش نۆرەی هیرانە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ هەر ماڵێک 200 لیتر نەوتی دابەش دەکرد، ئەمەی ئەمجارە دووەمەو بۆ ناوچە ساردەکانە، بەڵام ئەمەیان سەد لیترەو لەبەرامبەردا 31 هەزار دینار لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت.
مەهدی مستەفا بەڕێوبەری ناحیەی بالیسان بە 964ـی وت ”بەهۆی ئەوەی ناوچەکەمان شاخاویە زستانێکی سەختی هەیە جگە لە بەرمیلییەکە، بڕی 100 لیتر نەوتی تر بەسەر هاولاتیان دابەش دەکرێت”.
بەڕێوبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر ئەم هەواڵەی بە بەڕێوەبەری ناحیە وتووە، ئەویش فەرمانیداوە بریکارەکانی خۆراک بکەونە خۆ و لەیەکشەممەوە پارە لەهاوڵاتیان کۆبکەنەوە تا ئەو هەفتەیە نەوتەکە دابەش بکرێت.
سەنتەری ناحیەی بالیسان و 15 گوند لەم نەوتە سودمەند دەبن، ئێرە یەکەم ناوچەی پارێزگای هەولێرە کە بۆ دووەم جار نەوت وەردەگرن.
ناحیەی بالیسان 88 کیلۆمەتر لە پارێزگای هەولێر دوورە، ناوچەیەکی ساردە لە زستانان پلەکانی گەرما دەچنە ژێر سفر.