پڕۆژەی لەبری سەوزکردنە

لە رانییە شەش هەزار مەتر زەوی سەوز کرا

پێشەوا محەمەد

ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شاری رانییە شەش هەزار مەتر زەوی لە پڕۆژەی لەبری سەوزکردن لە لایەن کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمەوە سەوز کرا.

سەوزکردنەکە لە دوورگەی ناوەندی بەردەم نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵان ئەنجام درا، 250 درەختی بەرز و 380 نەمامی نزمی جۆری ئەریزۆنای لێ رووێندرا.

محەمەد کەریم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین بۆ 964ـی ئاشکرا کرد، بەشێکی ئەو دوورگەی نێوان شەقامەکە دەکرێت بە چیمەن بۆ دانیشتنی هاوڵاتیان و چواردەورەکەشی هەر بە دار پەرژین دەکرێت.

وتیشی، “تانکییەکی ئاوی بۆ دادەندرێت و سیستمی قەترەی بۆ دەبەسترێت، کۆمپانیاکە کارمەندێکیشی بۆ دادەمەزرێنێت و بۆ ماوەی ساڵێک خزمەت و ئاودان و پاراستنی لە ئەستۆی خۆیدا دەبێت”.

پڕۆژەی لەبری سەوزکردن بە رێنمایی دەستەی ژینگەی هەرێم جێبەجێ دەکرێت، هەر پڕۆژەیەک نەتوانێت 25%ـی کۆی رووبەری پڕۆژەکەی بکات بە سەوزایی لە دەرەوەی پڕۆژەکەی شوێنی بۆ دیاری دەکرێت و پێی سەوز دەکرێت.

“لە ساڵی نوێشدا لەسەر جێبەجێکردنی ئەو رێنماییە بەردەوام دەبین و لەبری سەوزایی بەو پڕۆژانە جێبەجێ دەکەین کە سەوزایی پێویستیان جێبەجێ نەکردووە”، ئەوەش قسەی محەمەد کەریمە.