لە کارەباکەی دوکانیان دەوێت
بەمزوانە بەهیوای رێی خەلەکان مەبن
+964
ژووری هەواڵ
ئەوە سێیەم رۆژە لەسەر یەک خەڵکی خەلەکان رێی نێوان دوکان راپەڕینیان داخستووەو ناهێڵن بارهەڵگر پیایدا بڕوات، تازە چادریشیان هەڵداوەو دەڵێن بەمزوانە بەهیوای ئەم رێگایە مەبن.
خەڵکی ئەو دەوروبەرە دەڵێن کارەبا چاک نەکەن ئەم رێگایە ناکەینەوە، دوای ئەوەش دەبێ رێگاو بانەکەمان بۆ چاک بکرێت.
پێشتر چەند جارێک خەڵکەکە ئەو رێگایەیان داخست، بەڵام دواتر دەیانکردەوە، ئەوەی ئەمجارە بە خێمەو ئاگردان و سەماوەرەکەیاندا دیارە درێژە دەکێشێت.
نوێنەری خەڵکە ناڕازییەکە بە پەیامنێری 964ی وت ”رێگاوبانەکە تەواو تێکچووەو حاڵی کارەبا خراپە و ناتوانین ئاویش بگرین، کارەباکەمان بۆ بخەنە سەر دوکان با نەجاتمان ببێت”.
دوکان کارەباکەی 24 کاتژمێرییەو نیشتیمانییە، چونکە هەم خاوەنی بەنداوەکەیەو هەم هێڵە سەرەکییەکانی ئاوی سلێمانی پێویستیان بە کارەبای بەردەوامە، ئێستا خەلەکانیش لەو کارەبایەیان دەوێت، چونکە خۆیان دەڵێن شەوان لە کاتژمێر 5 بۆ 12 کارەبایان دێتەوە.
کامەران عەبدوڵا بەرێوەبەری ناحیەی خەلەکان بە 964ی وت ”نەوەستاوین و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە چارەیەک دەگەڕێین”.
بارهەڵگرەکان دوێنێ رێگاکەی دەربەندی رانیەیان بەکاردەهێنا، بەڵام ئێستا ئەوەشیان لێ داخراوە، تاکە رێگا ئەوەیە بە هەیبە سوڵتاندا بڕۆن.