دیمەنێک لە بازگە کاتییەکانی پۆلیسی زاخۆ _ وێنە: پۆلیسی زاخۆ
"نۆ تۆمەتباری دەستگیرنەکراو هەن"
پۆلیسی زاخۆ هۆکاری دانانی بازگە کاتییەکانی وت
ئەحمەد مستەفا
پۆلیسی زاخۆ بۆ سێ هۆکار دەستیکردووە بە دانانی مەفرەزەی گەڕۆک، بەوتەی وتەبێژەکەیان بێت، دانانی مەفرەزە گەڕۆکەکان لە دەروازە و گەڕەکەکانی زاخۆ بەردەوام دەبێت.
شەوی رابردوو ئەمە چیرۆکی زاخۆ بوو، لە چەندین ناوچە و کۆڵان هێز دانرابوون و بازگەی کاتیی دروستکرابوون.
لەبارەی هۆکاری دانانی ئەو بازگە کاتییانە، ئەحمەد رەمەزان، وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە 964ی وت، دانانی مەفرەزە گەڕۆکەکان بۆ پاراستنی ئارامی شار، دەستگیرکردنی تۆمەتبارە داواکراوەکان و کەلوپەلی قەدەغەکراو بووە.
هەردوو بەشی پۆلیسی چالاکە مەدەنییەکان و پۆلیسی فریاکەوتن، لە هەڵمەتەکەدا بەشدارییان پێکراوە، ئەو وتی، ئەم هەڵمەتە لە دەروازە و چەند گەڕەکێکی زاخۆ بەردەوامی دەبێت و هێزەکانیان بازگەی کاتیی دادەنێن.
بە وتەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان بێت، هەزار و 422 تۆمەتبار کە کەیسی جۆراوجۆریان لەسەرە لە هەرێم ماون دەستگیربکرێن، لەو ژمارەیە تەنیا نۆ کەس دەکەونە سنوری زاخۆ.