لە جۆری 105 هەزار دینارییەکەیە
دابەشکردنی نەوتی سپی لە سلێمانی دەستپێدەکاتەوە
964+
ژووری هەواڵ
لەدوای نزیکەی 10 رۆژ، دابەشکردنی نەوتی سپی لە سنوری شاری سلێمانی دەستپێدەکاتەوە، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانیش دەڵێت، بەهۆی پشووەکانی سەری ساڵ دابەشکردنی نەوتەکە راگیرابوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3.1.2024، محەمەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، سبەی پێنجشەممە دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیانی ناو شاری سلێمانی و دەرەوەی شاری سلێمانی، لە مەڵبەندی حەوت و هەشت دەستپێدەکاتەوە.
نەوتەکە لەو جۆرەیە کە نرخی بەرمیلێکی نزیکەی 105 هەزار دینارە، لە مانگی رابردووشدا، بۆ ماوەی سێ رۆژ دابەشکردنی نەوتی سپی لە شاری سلێمانی “بەهۆی گرانی نرخەکەی و کەمی خواست” لەسەری، راگیرا.
راگرتنی دابەشکردنی نەوتەکە، ئەمجارەیان “بەهۆی پشووەکانی سەری ساڵەوەیە”، بەڵام پێشتر محەمەد حەسیب بە 964ـی وت، کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوتەکە بەهۆی بڵاوبوونەوەی هەواڵی هاتنی ئەو نەوتەیە کە گوایە بەغدا بەرمیلی بە نزیکەی 50 هەزار دەدات بە هاوڵاتیان.