چاکسازی لە پردی دەربەندی رانیە دەکرێت. فۆتۆ: قایمقامیەتی رانیە
بەهۆی هاتوچۆی بارهەڵگر
قایمقامیەتی رانیە: مەترسی روخانی پردی دەربەند هەیە
964+
ژووری هەواڵ
قایمقامیەتی رانیە هۆشداری دەدات کە بەهۆی رێژەی زۆری هاتوچۆی بارهەڵگرەوە، پردی دەربەند مەترسی رووخانی لەسەرە و دەبێت بارهەڵگرەکان رێگەیەکی دیکە بەکاربهێنن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3.1.2023، حسێن مەحمود، قایمقامی رانیە بە 964ـی راگەیاند، ئێستا بەهۆی خۆپیشاندان و مانگرتنی دانیشتوانی ناحیەی خەلەکان و خدران، بارهەڵگرەکان رێگەی پردی دەربەند بەکاردەهێنن، “پردەکە بەرگەی ئەو لۆدە زۆرە ناگرێت و مەترسی روخانی لەسەرە و توانای هەڵگرتنی بارهەڵگری نەماوە”.
قایمقامی رانیە داوا لە شۆفێری بارهەڵگرەکان دەکات، بۆ ئەوەی توشی رووداوی نەخوازراو نەبن، رێگەی نێوان خدران بۆ قەمتەران بەکاربهێنن.
لەبارەی هۆکاری دروستبونی مەترسی رووخانی پردەکە، قایمقامی رانیە وتی، “پردەکە بۆ ئەو لۆدە زۆرە دروستنەکراوە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی رێگەوبانەوە ئاگادارکراوینەتەوە کە پردەکە لەرووی ئەندازەییەوە بەرگەی ئەو لۆدە زۆرە ناگرێت”.
“داوا لە شۆفێران دەکەین، تکایە بەهەموو شێوەیەک هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر رابگرن بۆ ئەوەی کارەساتی نەخوازراوی لێنەکەوێتەوە”، قایمقامیەتی رانیە وا دەڵێت.
ماوەی نزیکەی هەفتەیەکە، هاوڵاتیانی ناحیەی خدران و گوندەکانی دەوروبەری و خەلەکان، بەهۆی کەمی کاتەکانی کارەبای نیشتیمانی و خراپی رێگاکەیان، خۆپیشاندان دەکەن و رێگاکەیان داخستووە و رێگا نادەن هیچ بارهەڵگرێک لە ناحیەکەوە بچێتە دوکان.