هەواڵی وەرزشی
بێرمینگهام بۆ رۆنی: با ماڵمان بە قوڕ نەگیرێت بڕۆ
964+
ژووری هەواڵ
محەمەد سەڵاح بووە پێنجەم خێراترین یاریزان لە مێژووی خولی ئینگلیزی کە بگاتە گۆڵی ژمارە 150 لەگەڵ یەک یانەدا.
ساڵی نوێ بۆ سەڵاح پڕ خێروبەرەکەت بوو، لەیەکەم یاری ساڵدا دوو گۆڵی لە نیوکاسڵ کرد و بەمەش کۆی گۆڵەکانی لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول گەیشتە 151 گۆڵ و پلەی پێنجەمی گرت لەنێوئەو یاریزانانەی بەخێراترین گەیشتوونەتە گۆڵی ژمارە 150 لە دوای هەر یەک لە هاری کاین لەگەڵ تۆتنهام و سێرجیۆ ئەگوێرۆ لەگەڵ مانچستەر سیتی و واین رۆنی لەگەڵ مانچستەر یونایتدو تێری هێنری لەگەڵ ئارسناڵ.
دۆخی کیلیان ئێمباپێ لە پاریس سانجێرمان هێشتا ناروونە و هێشتا مقۆمقۆی گواستنەوەی بۆ ریال مەدرید بەردەوامە.
مانگی حوزەیران ئیتر گرێبەستەکەی ئێمباپێ و سانجێرمان کۆتایی دێت، لەوە دەچێت ئێمپابێ خۆی سەری لەوە بخورێت یانە پاریسییەکە جێبهێڵێت.
ئەمڕۆ جارێکی تر میدیا ئیسپانییەکان ئەو باس و خواسەیان هێناوەتەوە بەر مەیدان، هۆکارەکە ئەوەیە دەڵێن نوێنەرەکەی یاریزانە فەرەنسییەکە کە مەدرید بۆ خانووی کرێ گەڕاوە، بۆیە رەنگە بەتەواوی ئێمباپێ لە ریالەوە نزیک بێت.
یۆرگن کلۆپی راهێنەری لیڤەرپووڵ بەڵێنی بە وێنەگرێک داوە کە ئیتر لەمەودوا رێگەی بدات بە دڵی خۆی وێنەی بگرێت، چونکە لەکاتێکی زۆر هەستیاردا فریای کەوتووە.
کلۆپ لەوکاتەی بەبۆنەی بردنەوەی یانەکەی لە نیوکاسڵ ئاهەنگی دەگێڕا، ئەڵقەی هاوسەرگیریەکەی لێکەوتە سەر زەوی، ماوەیەکی باش شپرزەبوو بۆی نەدۆزرایەوە، دواتر وێنەگرێک ئەڵقەکەی بۆ دۆزییەوە.
کلۆپ زۆر بەوە دڵخۆش بوو وتی ئەو وێنەگرەی کەناڵی سکای سپۆرت هەموو جارێک شوێنم دەکەوت و بێزاری دەکردم، بەڵام ئیت لەمەودوا رێی لێناگرم و با بەدڵی خۆی وێنەم بگرێت.
هەواڵەکانی خولی ئینگلیزی گەرمن بۆیە هەر لەوێ دەمێنمەوە، یانەی بێرمینگهام بڕیاریدا واین رۆنی ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی ئینگلیزی لە پۆستی راهێنەر لابدات، چونکە قوڕی بەسەر یانەکەیدا.
یانەی بێرمینگهام لەبەیاننامەیەکدا دەڵێت: رۆنی هەموو هەوڵێکی خۆیدا، بەڵام نەیتوانی ئەوە بکات کە چاوەڕێی لێدەکرا، بۆیە گۆڕدرا.
بێرمینگهام لە خولی پلە یەکی ئینگلیزییە، کە رۆنی بوو بە راهێنەری لە پلەی شەشەمدا بوو، بەڵام سەربەرەوخوار بووەو گەیشتە پلەی 20.