60 رۆژ مۆڵەتە
رووپێوی بۆ زیادەڕۆییەکان دەکرێت
964+
پێشەوا محەمەد
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم لە رێگەی نووسراوێکەوە داوای لە سەرجەم شارەوانییەکان کردووە رووپێویی ئەو زیادەڕۆییانەیان بۆ بنێرن کە کراونەتە سەر شەقامە گشتییەکان.
بەپێی نووسراوەکەی وەزارەتی شارەوانی بۆ زیادەڕۆییە هەمیشەییەکان ماوەی 30 رۆژ و بۆ هەر زیادەڕۆییەکی دیکەش ماوەی 60 رۆژ دیاری کراوە.
“وەزارەتی شارەوانی دەیەوێت زیادەڕۆییەکان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان رووپێوی ئەو زیادەڕۆییانە دەکات و دواتر بڕیارێکی گشتگیر و پێویستیان لەبارەوە دەدات”، ئەوە قسەی ئاوات عەزیز، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانییە گشتییەکانی سلێمانییە بۆ 964.
دەشڵێت، وەزارەتی شارەوانی بە گرنگییەوە لەو پرسە دەڕوانێت و داوای لە شارەوانییەکانیش کردووە بە گرنگییەوە لەم پرسە بڕوانن و لە وادەی دیاریکراودا رووپێوی و ئامارەکە بۆ وەزارەت بگەڕێننەوە.
شارەوانییەکان لە شار و شارۆچکەکان لە رێگەی لیژنەی لابردنی زیادەڕۆییەکانەوە بەردەوام زیادەڕۆیی سەر شۆستە و شەقامەکان لادەبەن، کە بوونەتە هۆکاری تەسککردنەوەی رێگای پیادە و ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان.
“رووپێوییەکە هاوکاریی وەزارەتی شارەوانی و ناوخۆ و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان دەکات هەماهەنگی باشتریان هەبێت بۆ لابردنی زیادەڕۆییەکان”، بەرپرسەکەی شارەوانییە گشتییەکانی سلێمانی وای وت.