ئەندامانی سەندیکا سوودمەند دەبن

سێ ملیار دینار بۆ رۆژنامەنووسانی عێراق تەرخانکرا


ئەحمەد مستەفا

وەک پاڵپشتییەک بۆ نەخۆشی و هاوکاری کۆمەڵایەتی، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سێ ملیار دیناری بۆ سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق دابینکرد.

لە سەرتاسەری عێراق هەموو ئەو رۆژنامەنووسانەی شایستەن و ئەندامن مافی وەرگرتنیان دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 2.1.2024، محەمەد فاتح، رێکخەری تیمی لیژنەی پاڵپشتی رۆژنامەنووسان- لقی هەرێمی کوردستان بە 964ی وت، بڕە تەرخانکراوەکە بە مەبەستی دابینکردنی خەرجییەکانی چارەسەرکردنی رۆژنامەنووسانی بەتەمەن و نەخۆش و پێشەنگ و پشتیوانیکردنی هاوکاری کۆمەڵایەتییە.

بەوتەی ئەو بێت، هاوکاریکردن و چارەسەرکردنی کەسوکاری شەهیدانی رۆژنامەگەری کە ژمارەیان زیاترە لە (500) شەهید سوودمەند دەبن لەو پارە تەرخانکراوە، هاوکات چەند رۆژێکە سەندیکاکە پاڵپشتی دارایی ساڵی 2023 لەسەر سێ ئاست بەسەر ئەندامەکانیدا دابەشدەکات.