رێگاى سەرەکى سلێمانى-ئیدارەى راپەڕینیان داخست

جارێکى تر هاوڵاتیانى خەلەکان خۆپیشاندانیان دەستپێکرد

+964

بەرزان عوسمان – دوکان

جارێکی دیکە هاوڵاتیانی ناحیەی خەلەکان و گوندەکانی دەووروبەری خۆپیشاندانیان کردوەو رێگای خەلەکان بۆ ئیدارەی راپەرینیان بەڕووی بارهەڵگرەکان داخستوە.

عەبدوڵا یاسین هاوڵاتییەکی دانیشتوی خەلەکانە بە 964ی وت،”داواکاری ئێمە زیادکردنی کاتەکانی کارەبای نیشتیمانیە، چونکە تەنها پێنج کاتژمێر کارەبامان هەیە، جگە لەوەش هاتووچۆى بارهەڵگرەکان دانیشتوانیان خەلەکانیان هەراسان کردوە”.

هەرچەندە کامەران عەبدوڵا، بەرێوەبەری ناحیەی خەلەکان، پاڵپشتى داواکارى خۆپیشاندەرانە، بەڵام وەکخۆى بە 964ى وت،”کێشەی کارەبا چارەسەرەکەی لەسەروی خۆمانەوە، بەڵام هەر هەوڵ دەدەین چارەسەر بکرێت”.

لەئێستادا ناوبازاڕى خەلەکان، یەک سایدە و رێگاى سەرەکى نێوان ئیدارەى راپەڕین و سلێمانییە و قەرەباڵغییەکى زۆرى لەسەر دروستبووە، بەڵام وەک بەڕێوەبەرى نەحیەى خەلەکان دەڵێت: بەهۆى نەبوونى پارەى کاش، نەیانتوانیوە پڕۆژەى رێگا دووسایدەکە جێبەجێ بکەن کە دەکەوێتە پشتەوەى خەلەکان.

پێداچوونەوە- وریا فەتاح