ئەیسەر قاسم. وێنە:964+
تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە لەگەڵ یانەی دهۆک دەبێت
یاریزانێکی خولی سویدی پەیوەندی بە یانەی دهۆکەوە کرد
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
یانەی دهۆک یاریزانێکی کوردی خولی سویدی هینایە رێزەکانی و تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزەی خولی ئەستیرەکانی عێراق لەگەڵ یانەی دهۆک یاری دەکات.
ئەیسەر قاسم، یاریزانی یانەی دالکوردی سوێدی ئەمرۆ لە بارەگای یانەی دهۆک گرێبەستی لەگەڵ یانەکە واژۆکرد کە لەم وەرزەی خولی ئەستیرەکانی عێراق لەگەڵ یانەی دهۆک یاری بکات.
هەژار مەعروف،بەڕێوبەری کارەکانی یاریزانەکە بە 964ی وت، دوای کۆتایی هاتنی وەرزی خولی سویدی، چوار یانەی عێراقی و دوو یانەی کوردی دەیانەویست ئەیسەر قاسم یاریان بۆ بکات، بەڵام دواجار یاریزانەکە بریاریدا بۆ یانەی دهۆک یاری بکات و یانەی دالکوردی سویدی خۆشحاڵە بەم بریارە و هیچ کێشەیەکی نییە.
وتیشی، یاریزان ئەیسەر قاسم، یاریزانی هێلی ناوەراستە و تواناکانی زۆر باشن و یاریزانێکی گەنجە و دەتوانێت خۆی لەگەڵ یانەی دهۆک بگونجێنێت و خزمەتی یانەکە دەکات، و هەفتەی داهاتوو راهێنانەکان دەست پێدەکات.
شڤان محەمەد، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی وەرزشی دهۆک بە 964ی وت، “هەنگاوێکی زۆرباشە کە یاریزانێکی خولی سویدی بۆ یانەی دهۆک یاری بکات، و چاومان لێیە چەند یاریزانێکی تری پیشەگەر بهێنینە رێزەکانمان، بەڵام تاوەکو ئیستا دانوستاندن بەردەوامە، و یاریزان ئەیسەر قاسم دەبیتە ئیزافەیەکی باش بۆ یانەکەمان”.