ئامارەکان چین؟
لە بری تورکیا گەشتیارێکی زۆر روویان لە زاخۆ کردووە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
پێشخستنی کەرتی گەشتیاری لە زاخۆ ئامانجی خۆی هێنایەدی و بۆ ئەم سەری ساڵە گەشتیارێکی زۆر روویان تێکردووە.
لەگەڵ سەربەخۆبوونی ئیدارەی زاخۆ، بەرپرسانی زاخۆ بەڵێنی ئەوەیان دا شارەکە بکەنە ناوچەیەکی گەشتیاری، بۆ ئەم مەبەستەش زۆر پرۆژەی گەشتیاری لە سنووری ئیدارەی زاخۆ بە هەردوو قەزای زاخۆ و باتیفا جێبەجێ کران، کە دیارترینیان کۆڕنیشی پردی دەلال و بازاڕی کۆنی زاخۆ بوون.
پێشتر خەڵکێکی زۆر لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و بگرە لە ناوەڕاستی عێراقیشدا لە رێگەی دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیلەوە گەشتیان بۆ دەرەوەی هەرێم دەکرد، بۆ ئەمساڵ بە قسەی گەشتوگوزاری زاخۆ لە چاو ساڵانی رابردوو رێژەی ئەو گەشتیارانەی دەچوونە دەرەوەی هەرێم، زۆر کەمی کردووە.
چیا ئەمین، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ بە 964ـێ وت، تەنیا لە ماوەی 10 رۆژی کوتایی ساڵ، زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار سەردانی زاخۆیان کردووە، بگرە لە ناوخۆی هەرێم و ناوەڕاستی عێراق و باکووری کوردستانەوە هاتوون “هیچ گومانمان نییە پێشتر زۆربەی ئەو گەشتیارانە دەچوونە دەرەوەی کوردستان بە مەبەستی پشوو و ئاهەنگی سەری ساڵ.
دروستکردنی کۆڕنیشی دەلال و گێڕانی ئاهەنگ بە درێژایی 10 رۆژ و هێنانی هونەرمەندە جیاوازەکان لەسەر ئاستی هەرێم و باکووری کوردستان، هۆکاری” راستەقینەی رێژەی زۆربوونی گەشتیار بوون بۆ زاخۆ”، چیا ئەمین وای وت.
ساڵانی رابردوو لە دوو رۆژ پێش سەری ساڵەوە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بەرنەدەکەوت و لەبەر چوونی گەشتیار بۆ تورکیا، بەڵام بۆ ئەمساڵ دەروازەکە ئاسایی بوو، هیچ قەرەباڵغییەک دروست نەبووە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی