بەشێک لە یەکەکانی نیشتەجێبوونی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە سیتەک - وێنە: 964+
پێویستە دووبارەی بکەنەوە
نزیکەی 43 هەزار هاوڵاتی فۆڕمی یەکەی کەمدەرامەتانیان بە هەڵە پڕکردووەتەوە
964+
پێشەوا محەمەد
نزیکەی 65 هەزار خێزان فۆڕمی یەکەی کەمدەرامەتانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەیان پڕکردووەتەوە، بەڵام 22 هەزاریان تۆمارکراون و کۆدیان بۆ گەڕاوەتەوە و ئەوانی دیکە هەڵە پڕکراونەتەوە.
وەزارەتەکە دوێنێ شەممە وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمەکەی بۆ 1.2.2024 درێژکردەوە، کە پێشتر بڕیار بوو ئەمڕۆ یەکشەممە کۆتایی بە پڕکردنەوەی ئەو فۆڕمە بهێنێت.
توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، فۆڕمەکە زۆر سادە و ئاسانە، بەڵام ئەو خێزانانە لە شوێنێکدا یان لە ئەپلۆدکردنی فایلێکدا هەڵەیان کردووە و جێیانهێشتووە.
وتیشی، “هاوڵاتیان دەبێت دڵنیابن کۆدێکیان بۆ دەگەڕێتەوە، ئەگەر ئەو کۆدەیان بۆ نەگەڕێتەوە کەواتە هەڵەیان کردووە و دەبێت پێداچوونەوە بە پڕکردنەوەی فۆڕمەکەدا بکەن”.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئەو فۆڕمانەی بۆ دابەشکردنی نۆ هەزار و چوار یەکەیە، کە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمدا بوونیاتی ناون و زۆرینەیان کارکردنی کەمیان ماوە بۆ تەواوبوون.
بەڕێوەبەرە گشتییەکەی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە باسی لەوەش کرد، ئەو درێژکردنەوەیە دەرفەتە بۆ ئەو خێزانانە هەڵەکانیان راست بکەنەوە و دڵنیابنەوە لە گەڕانەوەی کۆدەکە بۆیان.