ساغکردنەوە: کارمەندانی تەندروستی راپەڕین مانیان نەگرتووە

964+ ژێوار خدر – راپەڕین بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕین و کارمەندێکی نەخۆشخانەی گشتی رانییە پشتڕاستیان کردەوە، کارمەندانی تەندروستی ئەو دەڤەرە مانیان نەگرتووە. ئەمڕۆ چوارشەممە، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە، کارمەندانی تەندروستی راپەڕین مانیان گرتووە و دەوام ناکەن. لای خۆیەوە، دکتۆر دیاری عەوڵا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕین بە 964+ی وت، تەنیا کۆمەڵێک کارمەندی پاککەرەوە بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و داوای موچەکانیان کردووە، “هیچ کام لە کارمەندەکانی نەخۆشخانەکەیان مانیان نەگرتووە”. هاوکات، شادان رەسوڵ، کارمەندی تەندروستی نەخۆشخانەی گشتیی رانییە بە 964ی وت، دەنگۆی مانگرتنیان دوورە لە راستییەوە.