نازانرێت زیانەکان چین

لە گوندێکی نزیک دهۆک ئۆتۆمبێلێکی پەکەکە کرایە ئامانج

زەید کۆچەر – دهۆک

کەمێک پێش ئێستا لە گوندی”خورپنیێ” لە سنووری ناحیەی زاویتەی پارێزگای دهۆک، بەپێی قسەی هیزە ئەمنیەکان و چەند شایەتحاڵێکی گوندەکە فرۆکەیەکی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی پەکەکەیان کردووە ئامانج.

گوندی خورپنیێ سەر بە ناحیەی زاویتەیە و تەنیا نیو کاتژمێر لە سەنتەری پاریزگای دهۆکەوە دوورە.

شایەتحاڵێکی رووداوەکە کە خەڵکی گوندەکەیە بە 964ـی وت، ئەمرۆ هەینی بۆ یەکەم جارە گوندەکەمان بوردومان کراوە دوو جار فرۆکەکانی تورکیا دورووبەری گوندەکەمانی بوردومان کردووە، “ئەمرۆ ئۆتۆمبێلێکی بیانی لە دەورووبەری گوندەکە هاتووچۆی دەکرد و زانیمان کە پەکەکەن و پێشتریش خۆیان لە خەڵک نزیک دەکردەوە و بینراون و هەر ئەمرۆ کرانە ئامانج

964 بەدواداچوونی زیاتر بۆ بابەتەکەی کرد و لەگەل لایەنە پەیوەندیدارەکان قسەی کرد.

رەمەزان سیاری بەرپرسی راگەیاندنی هیزی پاراستنی ژینگە بە 964ـی وت، ئەمرۆ لەلایەن فرۆکە جەنگیەکانی تورکیاوە لە دەوروبەری گوندی خورپنێی دراوە و تاوەکو ئێستا هیچ لە زیانەکان نەزانراوە و کەس نزیکی شوێنەکە نەبووەتەوە.

هاوکات بێوار عبدلعەزیز، بەرپرسی راگەیاندنی بەرگری شارستانی دهۆک بە 964ـی وت، پێشتر لەم گوندە پەکەکە بینراون و جموجۆڵیان هەبووە و ئەوەی بە ئێمەش گەیشتووە ئۆتۆمبێلیکیان کراوەتە ئامانج، بەڵام بەهۆی بوردومانەکەوە ئاگادار نەکراینەتەوە کە ئاگرێک کەوتبێتەوە تەنیا ئاگاداری ئەوەین کە بوردومانێک هەبووە.

شێخ جەمال،موختاری گوندی خورپنیێ یە و بە 964ـی وت، ئەمرۆ دووجار لە دەشتی گوندەکەمان دراوە و بۆ یەکەم جارە ئەم شتەیە ببینین،بەپێی قسەی گەنجانی گوندەکەمان بێت پیکئابێک بینراوە لە شوێنەکە و دواتر کراوەتە ئامانج بەڵام نزیک نەبوینەتەوە و زیانەکان دیار نین.

964 پەیوەندیێکی زۆر بۆ بەریوبەری ناحیەی زاویتەی کرد، بەڵام بەردەست نەبوو وەڵامی پەویەندییەکانی نەدایەوە.

گوندی خورپنیێ لە ئێستادا تەنیا 5 ماڵی لێ ماوە و ئەوانی تر هەموو چۆڵیان کردووە بەهۆی هەبوونی پەکەکە و ئیستا زیاتر بۆ گەشت لە رۆژانی هەینی خەڵکەکەی دەگڕێنەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی