بۆ 2024 لەگەڵمان دەبن؟
10 گرنگترین رووداوەکان لە 2023
وریا فەتاح
تۆ تەنیا نیت ئەگەر لە ساڵی 2023 هەستت بە ماندووبوون کردبێت، چونکە ساڵێکی تاقەتپڕوکێن بووە لەسەر گۆڕەپانی جیهان، هێزەکانى پشێوى زیادیان کرد، شەڕەکان بەردەوامبون، شەڕى نوێ سەریان هەڵدا، کێبڕکێی سیاسی زیادی کرد، تا ئەو رادەیەی کە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک دەوڵەتە رکابەرەکان بوو بە هەواڵی لاپەڕەی یەکەم هەرچەندە گفتوگۆکانیان پێشکەوتنی بەرجەستەی کەمیان بەدەستهێنا، بە گشتی لەمساڵدا مژدەی خۆش کەم بوو بۆیە لێرەدا 10 رووداوو جیهانییە سەرەکییەکانی لە ساڵی 2023 بیردەخەینەوە کە رەنگە لە 2024یش لەگەڵمان بن.
10 رووداوی گرنگی جیهانی 2023
یەکەم: 2023 زەوى ببو بە پشکۆ
لەمساڵدا، پلەکانى گەرما ژمارەى پێوانەییان شکاند، بەشێوەیەک 125 هەزار ساڵە پلەکانى گەرما ئەوەندەى 2023 گەرم نەبوون، هەرچەندە تاوتوێکردنی پلان و رێککەوتنەکان بە ئاراستەى رووبەڕووبونەوەى مەترسییەکەن، بەڵام پێدەچوو ئەم کۆبوونەوانە شایەدی ئەو وتەیە بن کە دەڵێت”کاتێک هەموو شتێک دەوترێت و دەکرێت، زیاتر دەوترێت نەک دەکرێت”، بۆیە ئێستا لە دۆخێکداین رەنگە مرۆڤایەتی چانسی خۆی لەدەستدابێت بۆ ئەوەی لە گۆڕانی کارەساتبار لە کەشوهەوا دوور بکەوێتەوە.
دووەم: ئیسرائیل و فەڵەستین شەڕى مریشکە رەش
هێرشى حەمماس بۆسەر ئیسرائیل لە کۆتاییەکانی ئەیلوولی 2023 و دواتر هێرشى ئیسرائیل بۆسەر غەززە، یەکێک لە گەورەترین روداوەکانى ئەمساڵن، کاتێک حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. نزیکەی 1200 ئیسرائیلی کوژران، ئەمەش کوشندەترین رۆژە لە مێژووی ئیسرائیلدا، بۆیە ئیسرائیل بە سوێندخواردن بۆ بنبڕکردنی حەماس، هێرشی ئاسمانی و زەمینى بۆ سەر غەززە دەستپێکرد و دواتر باکووری غەززەی کۆنتڕۆڵکرد، ئێستاش دۆخى شەڕ بەردەوامە و پێدەچێت بۆ ساڵى 2024 لەگەڵمان بێت.
سێیەم: شەڕى روسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە
بەردەوامى شەڕ و ئۆپەراسیۆۆنەکان لە نێوان روسیا و ئۆکرانیادا، لایەنێکى دیکەى تاقەتپڕوکێنى 2023ن و پێدەچێت، بۆ 2024یش لەگەڵمان بێت.
چوارەم: هیندییەکان زۆرترینى جیهانن
هیندستان وەک زۆرترین دانیشتوانی جیهان چین تێدەپەڕێت: لە سەدەی رابردوودا چین زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی جیهانی هەبووە، بەڵام لە ساڵی 2023دا هیندستان ژمارەى چینى تێپەڕاند، کاتێک ژمارەی دانیشتووانی بە یەک ملیار و 43 ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت، پێدەچێت هیندستان بۆ دەیان ساڵی داهاتوو وەک پڕ دانیشتووترین وڵات بمێنێتەوە، بەڵام ژمارەی دانیشتوانی چین هەم کەم دەبێتەوە و هەم پیر دەبێت.
پێنجەم: پێشبڕکێی بۆشایی ئاسمان گەرم دەبێت
جاران ئامۆژگارییەکە ئەوە بوو،”بڕۆ ڕۆژئاوا”، ئەمڕۆ رەنگە ئامۆژگارییەکە ئەوە بێت،”بڕۆ بۆ ئاسمانەکان”، وڵاتان و کۆمپانیاکان گرەوێکی گەورە لەسەر بۆشایی ئاسمان دەکەن، 77 وڵات دەزگای بۆشایی ئاسمانیان هەیە؛ شانزە وڵات دەتوانن باری سوودبەخش بنێرن بۆ بۆشایی ئاسمان، مانگ جێگەی سەرنجی تایبەت بووە بۆ هەوڵەکان، بەڵام زیادبوونى ئارەزوو و پێویستى گەشتى بۆشایى ئاسمان، پێدەچێت لە ساڵى ئایندە و دواتر، ململانێکان لە زەوییەوە بەرەو ئاسمان ببەن.
شەشەم: پاشەکشێى دیموکراسى لە 2023 دا
پاشەکشەی دیموکراسی جیهانی بەردەوامە، گەشبینەکان پێشبینی شەپۆلی چوارەمی فراوانبوونی دیموکراسی جیهانی دەکەن، بەڵام ئەو پێشبینییە لە ساڵی 2023دا توشى داڕمان بوو، کودەتاکانى ئەفریقا بەردەوام بوون، لە مانگی تەمموزدا سوپای نەیجەر سەرۆکی وڵاتەکەی کە بە شێوەیەکی دیموکراسی هەڵبژێردرابوو، لە پۆستەکەی دوورخستەوە. لە مانگی ئابدا سوپای گابۆن دەسەڵاتی گرتە دەست و بەڵێنیدا کە لە کۆتاییدا هەڵبژاردن ئەنجام بدات.
لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری تایلەنددا پارتێکی نوێی پێشکەوتنخواز زۆرترین کورسی بەدەستهێنا، بەڵام رێککەوتنى ژوورە تاریکەکان گەورەترین براوەی هەڵبژاردنەکەی لە دەرەوە بەجێهێشت، حکومەتی هیندستان بەردەوام بوو لە بەکارهێنانی یاسا و تۆقاندن بۆ بێدەنگکردنی رەخنەگران و زۆرێک لە وڵاتانی دیموکراسی دیکە ئازادی رادەربڕینیان سنووردار کرد. ئەمانەو چەندین روداوى دیکە، کە ئاماژەن بۆ بەرتەسککردنەوەى دیموکراسى و ئازادى لە وڵاتاندا.
حەوتەم: ئازەربایجان دەستی بەسەر شاری ناگۆرنۆ قەرەباخدا گرت
لە کۆتایی ساڵی 1991 ناگۆرنۆ قەرەباخ سەربەخۆیی راگەیاند و شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دەستپێکرد. کاتێک شەڕەکە لە ساڵی 1994 بە ئاگربەستێک بە نێوەندگیری رووسیا کۆتایی هات، ناگۆرۆ-قەرەباخ لەگەڵ بەشێک لە خاکی ئازەربایجان سەربەخۆیی دیفاکتۆی بەدەستهێنابوو. سەرەڕای هێرشە پچڕپچڕەکانی سنوور بەزاندن، ئاگربەستەکە بەردەوام بوو تا لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2023دا ئازەربایجان جارێکی دیکە هێرشی کردەوە. لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، ئەو خاکەی گرتەوە کە پێشتر کۆنترۆڵی نەکردبوو.
هەشتەم: شەڕى ناوخۆى سودان
شەڕی ناوخۆ سوودانی گرتۆتەوە، 2023 بڕیار بوو ئەو ساڵە بێت کە سودان ببێت بە دیموکراسی، بەڵام بۆ گەلی سودان لەبری ئەوە شەڕی ناوخۆی لێکەوتەوە..
نۆیەم: زیرەکی دەستکرد (AI) بەڵێن و مەترسی پێشکەش دەکات
ساڵی رابردوو AI بە بڵاوکردنەوەی ChatGPT تەقیەوە و هاتە ناو هۆشیاری گشتیەوە. لە ساڵی 2023دا، ئەو تەکنەلۆژیایەی کە لەسەر بنەمای مۆدێلی بەناو زمانە گەورەکان دامەزراوە نەک هەر باشتر بوو، بەڵکو بەپێی راپۆرتەکان نوێترین وەشانی ChatGPT دە هێندە پێشکەوتووترە لە وەشانی پێشووی، ئەو هەنگاوە واى کرد حکومەت و کۆمپانیا گەورەمان بەخێرایى هەنگاو بنێت بۆ بەدەستهێنانى، ئەوەش مشتومڕی گەرمی لێکەوتەوە لەسەر ئەوەی کە ئایا AI سەردەمێکی نوێی داهێنان و خۆشگوزەرانی مرۆڤ ئازاد دەکات، یان سندوقێکی رەش دەکاتەوە کە داهاتوویەکی کابوساوی بەرهەم دەهێنێت.
دەیەم: گرژییەکانی ئەمریکا و چین بەردەوامن لە گەرمبوون
لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی 2023، پێدەچوو گرژییەکانی ئەمریکا و چین کەم ببنەوە، بەڵام کاتێک لەمساڵدا باڵۆنێکی چاودێری چینی بەسەر ئەمریکادا دەرکەوت و بۆ ماوەی هەفتەیەک لە سەرانسەری وڵاتدا ڕۆیشت پێش ئەوەی فڕۆکەیەکی جۆری F-22 ڕاپتۆری هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە کەناراوەکانی کارۆلینای باشوور بیخاتە خوارەوە، ئەمەش ناکۆکییەکانى ئەو دوو وڵاتەى گەڕاندەوە سەرەتا و ململانێ سیاسى و ئابورییەکانى نێوانیشیان بۆ 2024 بەردەوام دەبن.