راپۆرتی 964
“ناتەنیاهۆ و ئەردۆگان” رۆژێک دۆست و چەند ساڵێک دوژمنی یەکتر
964+
فەهمی نەبی
زیاتر لە 15 ساڵە بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکی تورکیا رۆژێک دۆست و چەند ساڵێک وەک دوژمن دەردەکەون، 964 بەرچاوترین وێستگەکانی ناکۆکی نێوان سەرۆکی هەردوو وڵات دەخاتە روو.
ساڵی 2010 ئەو کاتەی ئیسرائیل گەمارۆی خستبووە سەر کەرتی غەزە، کەشتیەکی تورکی بەناوی “مەڕمەڕە” کە سەدان تۆن خۆراکی هەڵگرتبوو بۆ کەرتی غەزە بەڕێ کەوت، بەڵام لەنیوەشەودا سوپای ئیسرائیل هێرشی کرد سەر کەشتیەکە و لەئەنجامی هێرشەکە 10 چالاکوانی تورکی کوژران، لەو رۆژەوە بۆماوەی شەش ساڵ ئەردۆگان و ناتەنیاهۆ تەقەیان بەسێبەری یەکتر وەدەنا، بەڵام ساڵی 2016 پەیوەندیەکانیان ئاسایی کردەوە.
هێندەی نەبرد رۆژی 6.12.2017 دۆناڵد ترمپ سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاری گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس راگەیاند و شاری قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند، دیسان گەڕێکی دیکەی تێکچوونی پەیوەندیەکانی نێوان ئەردۆگان و ناتەنیاهۆ دەستیپێکرد.
دوای ئەم رووداوە دیسان پەیوەندییەکانی ئەم دووانە بەرەو ئاسایی بونەوە رۆیشتن، بەڵام کاتێک لە نیسانی 2018 تورکیا ئۆپەراسیۆنی “چڵە زەیتونی” دژی رۆژئاوای کوردستان راگەیاند، بنیامین ناتەنیاهۆ رەخنەی لەو ئۆپەراسیۆنە گرت، لەبەرامبەردا هێندەی نەبرد ئەردۆگان لە وتارێکیدا بۆ لایەنگرانی ناتەنیاهۆی بە تیرۆرست وەسفکرد.
دوای ئەم قۆناغەش دیسان هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان دەستیپێکرد، رۆژی 20.9.2023 لە پەراوێزی کۆنگرەی 78ی نەتەوە یەکگرتوەکان لە نیۆرک ئەردۆگان و ناتەنیاهۆ بە پێکەنینەوە دەرکەوتن، بەڵام ئەم پێکەنینە و دەستپێکردنەوەی دۆستاتەتیەکەیان کەمتر لە مانگێکی خایاند، رۆژی 7ی ئۆکتۆبەر کاتێک چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر کۆمەڵگەیەکی جوونشین لە سنوورەکانی کەرتی غەزە، گەڕێکی دیکەی ناکۆکی و شەڕە تویت و قسەی ئەم دووانە دەستیپێکردەوە.
ئەردۆگان لەساڵی 2003-ەوە لە هەڕەمی دەسەڵاتی تورکیایە، بەڵام ناتەنیاهۆ لە 1996 تاوەکو 1999 سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بووە، لەکاتی جیاوازدا پێنج جار بووەتە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل.
نوێترین لێدوانی ئەردۆگان لەسەر ناتەنیاهۆ رۆژی 27ی ئەم مانگە بوو، کاتێک وتی “ناتەنیاهۆ هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ ئەدۆڵف هیتلەر نییە” هێرشی ئیسرائیلی بۆ سەر کەرتی غەزە بە “مامەڵەی نازیەکان لەگەڵ جووەکان” چواند، هێندەی پێ نەچوو ناتەنیاهۆ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی X وەڵامی ئەردۆگانی دایەوە وتی، “ئەردۆگان دژی کوردەکان جینۆساید ئەنجام دەدات و رۆژنامەنوسان زیندانی دەکات، دوا کەسە کە باسی ئەخلاقمان بۆ دەکات”.
دوای ئەم لێدوانانە تورکیا و ئیسرائیل رایانگەیاند، باڵیۆز و نوێنەری دیپلۆماسی هەردوولا بۆ راوێژ بانگهێشت کراونەتەوە بۆ وڵاتەکانیان، بەڵام لەسەر ئەو بنەمایەی نا کە پەیوەندیەکانیان بپچڕێت.
سەرەڕای هەموو ئەو ناکۆکیانە کەچی پەیوەندی ئابوری نێوان ئیسرائیل و تورکیا هەر بەردەوامە
بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە، مامەڵەی بازرگانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل لەساڵی 1997-ەوە وەک مامەڵەی بازرگانی ئازاد دەستیپێکردووە و ئەم ئاڵوگۆڕە ساڵ دوای ساڵ زیادیکردووە.
ئۆرۆیل لین، سەرۆکی ژوورە بازرگانیەکانی ئیسرائیل بۆ ئاژانسی رۆیتەرز قسەیکردووە دەڵێت، لە کۆتایی ساڵی 2022 شاندێکی کڕیارانی ئیسرائیل چوونەتە تورکیا، سەرۆکی ئەو ژوورەی بازرگانی وتویەتی، بۆ ئێمە کڕینی کاڵا لە تورکیا هەرزانترە وەک لەوەی لە ئەوروپا بیکڕین، چونکە هەموو کاڵاکان لە یەک رۆژ دەگەنە ئیسرائیل و نرخیشیان هەرزانترە.
ساڵی پار ئاڵوگۆڕی نێوان ئیسرائیل و تورکیا 8 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار بوو، ئیسرائیل بە بەهای 6.74 ملیار دۆلار کاڵای لە تورکیاوە هاوردە کردووە، بەڵام تورکیا بە بەهای 2.17 ملیار دۆلار کاڵا و شتوەمەکی لە ئیسرائیلەوە هاوردەکردووە.
لێدوانی بەرپرسانی هەردوو وڵات دەریدەخەن، لەدوای رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر و هێرشی حەماس بۆ سەر کۆمەڵگە جوونشینەکان ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا بۆ ٪50 دابەزیووە، بەڵام ناکۆکیەکان پەیوەندییە ئابوریەکانی نەوەستاندووە.