هەڵمەتی سەوزکردنی کۆیە دەستیپێکردووە
کۆیە چیمەنی دیالە بەکاردێنێت
دیلان محەمەد جەزا
لە سەرەتای وەرزی پایزەوە هەڵمەتی سەوزکردنی قەزای کۆیە دەستی پێکردوە، جۆرێکی چیمەن لە پارێزگای دیالەوە دەهێنن، بۆ ئەوەی لەگەڵ کەش و هەوای ئەو ناوچەیە بگونجێت.
هێرش غەفوری سەرپەرشتیار لە شارەوانی کۆیە بە 964 وت، “هەڵمەتی سەوزکردنی شۆستەکان بە جۆرێکی فریز دەستی پێکردووە، ئەو جۆرە فریزە لە پارێزگای دیالە دەڕوێندرێت و بە مەتر بۆمان، لە کاتی دانانی نزیکەی 10 رۆژی پێویستە تا جێگای خۆی دەگرێت”.
ئەوەشی وت، دەستکراوە بە رواندنی دار لە شەقامی ئیسکان و هەیبەت سوڵتان و دوو سایدی سلێمانی، لە چوار مانگی کۆتایی ئەمساڵدا نزیکەی 450 دار روێندراون.
لەسەر ئەم بابەتە ئەوەی خستەڕوو، هەڵمەتی سەوزکردنەکە تا کۆتایی ئەمساڵە و دەوەستن تا وەرزی بەهار، پاشان دەست بە سەوزکردنەوە دەکەنەوە.
ئەندازیار شەبەنگ فەرهاد لە شارەوانی کۆیە بە 964 وت، لە کاتی هەڵمەتی سەوزکردندا دارەکان پۆلێن دەکرێن بەسەر شەقامە سەرەکیەکان و جێگاکانی دیکەدا، بە تایبەت ناوچەی هەیبەت سوڵتان بەهۆی رەشەباکەیەوە دەبێت سنەوبەر و واشنتۆن و خورمای لێ بڕوێنرێت.
ئەو ئەندازیارە باسی لەوەشکرد، لە پڕۆسەی سەوزکردنەکەدا سیستمی ئاودێریان بۆ دادەنرێت، بۆئەوەی پێویست بە کارمەند نەکات بۆ ئاودانیان، پرۆسەی سەوزکردنەکان لەسەر ئەرکی شارەوانی کۆیە دەبێت.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی