رووداوه‌ خراپە ئابوورییه‌کان

رەوشی ئابووری لە 2023 تەنگی بە هەرێمی کوردستان هەڵچنی

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ئه‌مساڵ 2023 هه‌رێمی كوردستان به‌ دۆخێكی ئابوورى خراپدا تێپه‌ڕی، كۆمه‌ڵێك رووداوى ئابوورى خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانیان بێزار كرد، له‌وانه‌ش دواکەوتنی موچە، گرانیی سووتەمەنی، خراپیی دۆخی دارایی و چه‌ندین رووداوى دیكه‌.

دواکەوتنی مووچە

پێشتر حکومەتى هەرێم رایگەیاندبوو، کە لە رۆژانى 25ـى هەموو مانگێک موچەى فەرمانبەران دابەش دەکات، بەڵام لەمساڵدا تەنها توانیویه‌تى نۆ موچە له‌ رێكه‌وتى جیاواز دابه‌ش بكات و ئەو موچانەشی فه‌رمانبه‌ران وه‌ریانگرتووه‌، مانگێك یان دوو مانگ جارێک بووە.

خۆپیشاندانى مامۆستایان بەهۆى پێنەدانى مووچەوە

زیاتر لە سێ مانگە بەهۆى پێنەدانى مووچەکانیان لە سنوورى سلێمانى، هەڵەبجە، ئیداەکانى گەرمیان، راپەڕین و قه‌زاى کۆیە خۆپیشاندانى مامۆستایان دەستی پێکردووە و بایکۆتى هۆڵەکانى خوێندنیان کردووە و وەک مامۆستایان دەڵێن، تا سەرجەم مافە داراییەکانیان وەرنەگرن ناچنەوە هۆڵەکانى خوێندن.

خۆپیشاندانى فەرانبەرانى گرێبەست

لە بەشێکى زۆرى ناوچەکانى هەرێمى کوردستان فەرمانبەرانى گرێبەست دەیان جار خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و تێییدا داوایان کرد حکومەت هەرێمى کوردستان بە شێوەى هەمیشەیی دایان بمەزرێنێت.

گرانی نرخى سووتەمەنى

ئەمساڵ نرخى سووتەمەنى بە تایبەت بەنزین بە شێوەیەکى بەرچاو بەرزبووەوە، بە جۆرێک لە ئێستادا یەک لیتر بەنزین لە جۆرى نۆرماڵ بە بڕى له‌ 800 تاوه‌كو 900 دینارە، محەسن بە بڕى هەزار و 300 تاوه‌كو هه‌زار 500 دینار و سوپەریش بە هەزار و 500 تاوه‌كو هه‌زار 700 دینار مامەڵەى پێوە دەکرێت و ئەوەش وایکرد لە چەند ناوچەیەک شۆفێران ناڕەزایەتى دەرببڕن.

بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار

لە ئەمساڵدا بەهاى دۆلار بەرامبەر دینار بە شێوەیەکى بەرچاو بەرزبووەوە بە جۆرێک نرخى 100 دۆلارى ئەمریکى گەشتە 176 هەزار دینارى عێراقى، ئەوەش لە کاتێکدایە دەبوایە نرخى 100 دۆلار بەرامبەر 132 هەزار دینار بوایە.

زیادکردنى باج لەسەر هاوڵاتیان

سەرەڕاى خراپى دۆخى دارایی هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان، بەڵام حکومەتى هەرێمى کوردستان چه‌ندین شێوە باجى لەسەر هاوڵاتیان زیاد کرد، بەهۆیەوە لە چەندین شوێن گردبوونەوەى ناڕەزایەتى بەڕێوەچوو.

راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان

لە رۆژى 25.3.2023 ـەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى توركیاوە راگیراوە و تا ئێستاش هیچ وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم دیارى نەکراوە.

فێستیڤاڵێكی فیلمی نێودەوڵەتی بەهۆى نەبوونى بودجەوە راگیرا

لە رۆژى 2.11.2023 دەزگای فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی بڵاویکردەوە، لەبەر نەبوونی بودجەی پێویست، نەیانتوانی درێژە بە خولەکانی داهاتووی فێستیڤاڵەکەیان بدەن و بە ناچارى کارەکانیان راگرت.

فرۆشتنى کارەباى هەرێم و كه‌مى كاره‌با له‌ناوخۆ

هاوڵاتیان له‌ ناوچە جیاوازەکانى هەرێم دەڵێن، رۆژانە تەنیا چەند کاتژمێرێک کارەباى نیشتیمانیان پێدەدرێت، بەڵام بەپێى ئامارەکان حکومەتى هەرێمى کوردستان رۆژانە کارەبا بە چەندین ناوچەى عێراق دەفرۆشێت و بەهۆیەوە لەو ناوچانە زیاتر لە 20 کاتژمێر کارەبا هەیە.

دابەشکردنى نەوت

لەگەڵ هاتنى وەرزى سەرمادا حکومەتى هەرێم بڕیاریدا نەوتى سپى دابەش بکات، لە بەرامبەر پێدانى هەر200 لیترێک نەوت بڕى 104 هەزار دینار لە هاوڵاتیان وەرگیرا و دانیشتووانى بەشێک لە ناوچەکان پێیانوابوو حکومەت نەوتیان پێدەفرۆشێت نەک دابەشى دەکات بۆیە دانیشتووانى هەندێک ناوچە رەتیان کردەوە وەریبگرن.

بودجەى عێراق و پشکى هەرێم

رۆژى 21.6.2023 یاسای بودجەی گشتی عێراق، کە گەورەترین بودجەیە لە مێژووى عێراق بۆ ساڵەکانی 2023، 2024، 2025 لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە پشتبەست بە بڕگەی سێیەم لە ماددەی 73ـی دەستوور پەسەندکرا و لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقدا پشكی هەرێم بە رێژەی 12.67% و بەهای 100 دۆلار بەرامبەر بە 130 هەزار دینار و هەر بەرمیلێك نەوتیش بە 70 دۆلار جێگیر كراون.

راپۆرتێک لە لەندەنەوە: وەستانی نەوتی هەرێمی کوردستان ز...

راپۆرتێک لە لەندەنەوە: وەستانی نەوتی هەرێمی کوردستان زیانی گەورەی بە ئابووری عێراق گەیاندووە