بەدواداچوونی 964

چەند چالاکوانێکی پاراستنی ئاژەڵ دەڵێن لە شەڵتەری هەولێر هێرشمان کراوەتە سەر

964+

فەهمی نەبی

ئەمڕۆ چوارشەممە سەعات 2:00 چوار چالاکوانی ئاژەڵدۆست کە یەکێکیان خەڵکی ئەمریکایە بە کۆمەڵێک دەرمان و کەرەستەوە دەچنە شەڵتەری سەگ لە هەولێر و لەلایەن چەند کارمەندێکی شەڵتەرەکە هێرشیان دەکرێتە سەر، ئەمە قسەی پەیڕەو فەریدونە یەکێک لەو کەسانەیە کە دەڵێت، هێرشم کراوەتە سەر.

پەیڕەو فەرەیدون کە ئەندامی رێکخراوی پاراستنی ئاژەڵە بۆ 964 قسەی کردووە دەڵێت، “ئەو کچە ئەمریکیەی لەگەڵمان بوو ناوی (ئیریکا)یە چالاکوانی بواری ئاژەڵانە و لە 2017 لێرەوە دەژیت، ئەمڕۆ بە جانتایەک دەرمانەوە چووینە ئەو شەڵتەرە و دکتۆرێکی ڤیرتەرنەریمان لەگەڵ بوو، پاسەوانەکان پێیان وتین دەرمانەکان بەجێبێڵن و بڕۆن، ئیریکاش وتی من ئەو دەرمانانە جێناهێڵم تا دڵنیانەبم لە بەکارهێنانیان”.

ئەو چالاکوانە ئەوەش دەڵێت، “کاتێک رێگریمان لێکرا ئیریکا مۆبایلەکەی دەرهێنا بۆ ئەوەی ڤیدیۆی پەلامارەکە تۆماربکات، زیاتر هێرشی کرایە سەر، دواتر چەند کەسێکی دیکەش هاتن بە بەرد و ماسیحە لێیانداین و یەکێک لە کارمەندەکانمان لێوی تەقییوە”.

964 پەیوەندیکرد بە ژیار جەلال بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگە پارێزی هەولێر ئەو لەبارەی هێرشەکەوە دەڵێت، “ئەوان مۆڵەتیان هەبووە، بەڵام پێمان راگەیاندوون بەهەموو شێوەیەک وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ قەدەغەیە، بەڵام دیارە کە چوونەتە ئەوەێ پێچەوانەی ئەو رێنماییە جوڵاونەتەوە”.

ژیار جەلال دەڵێت، “پاسەوانەکانی شەڵتەرەکە کامێراکەیان لێ وەرگرتوون و بووەتە دەمەقاڵێ و هیچ هێرشێکیان نەکراوەتە سەر”.

پەیڕەو فەرەیدون دەڵێت، “ئێمە وێنەی شوێنەکەمان نەگرتووە، گریمان وابوو، خۆ دەبێت سەرەتا بە نەرمی بڵێن وێنەگرتن قەدەغەیە، ئەوان یەکسەر هێرشیان کردە سەرمان”.

ئەو چالاکوانە ئەوەش دەڵێت، “بەیانی بە ئەگەری زۆرەوە سکاڵا تۆمار دەکەین”.

ئەوەی 964 زانیویەتی، سەرەتای کێشەکە لەسەر تۆمارکردنی ڤیدیۆیەک بووە، کە تیایدا دەریدەخات بێچووە سەگێک مردار بووەتەوە و ئەوانی دیکەش حاڵیان خراپە، کەلەلایەن ئیریکاوە تۆمارکراوە.

شەڵتەری سەگ لە هەولێر بۆ کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان دروستکراوە، بەگوێرەی ئامارەکان، لەماوەی چەند مانگێکدا توانیوەیانە زیاتر لە دوو هەزار سەگی بێلانە لە کوچە و کۆڵانەکانی هەولێر کۆبکەنەوە.

نەشتەرگەری

نەشتەرگەری "لە زاوزێ خستن" بۆ سەگەکانی شەڵتەری هەولێر دەکرێت