لە گەشتی هەواڵەکانەوە

لە رێگای کۆیە شۆفێرێک گیانیلەدەستدا و سێ ملیۆن گەشتیار هاتوونەتە هەولێر

964+

ژووری هەواڵ

لەسەر رێگای نێوان کۆیە – تەقتەق بەهۆی پێکدادانی بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکەوە شۆفێری یەکێکیان گیانیلەدەستدا.
هاتوچۆی کۆیە بڵاویکردەوە، رووداوەکە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری ئەتیکۆ و هۆندای بووە و شۆفێری هۆنداکە گیانیلەدەستداوە.
سەنگەر سەعید وتەبێژی هاتوچۆی کۆیە بە 964ـی وت، رووداوەکە بەهۆی پێشکەوتنی هەڵەوە بووە لەلایەن شۆفێری هۆنداکەوە کە لەو ناوچەیە رێگاکە شوێنێکی تێدایە ئۆتۆمبێلی بەرامبەر نابینرێت.

لە ماوەی 11مانگی ئەمساڵ سێ ملیۆن و 82 هەزار و 96 گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە ، چەند رێستۆرانت و هۆتێلێکیش بەهۆی پابەندنەبوونیان بە رێنماییەکانی گەشت و گوزار بە پێی جۆری سەرپێچیەکە سزادراون.
90% گەشتیاری ناوچەکانی خوار و ناوەڕاستی عێراق بوون 10% گەشتیارانی بیانی دەرەوەی عێراق و پارێزگاکانی هەرێم بوون.
نەریمان فازڵ بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەولێر بە 964ـی وت، لە تەواوی ساڵی پار دوو ملیۆن 752 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێری کردبوو ، بەڵام لە 11 مانگی ئەمساڵ ژمارەی هاتنی گەشتیاران زیادی کردووە و ئەو ژمارەیەی پار ساڵی تێپەڕاندووە.

ئەو کۆمپانیایانەی کە بەروبومی کشتوکاڵی و بەرهەمی نێوخۆ هەناردەی دەرەوە دەکەن، لەلایەن حکومەتی عێراق بەخشیشیان پێدەدرێت، بڕیارە ئەم بەخشیشە هەناردەکارانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق کۆبووەتەوە، بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، “بابەتی پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی و بە بازاڕکردنی باسی لێوەکراو بڕیارە خاوەن کارگە و کۆمپانیاکان لە هەرێمیش کە هەناردەی بەرهەمی خۆماڵی دەکەن، سودمەند بن لەو بڕە پارەیەی وەک بەخشیش لە چوارچێوەی پرۆژەی هاندانی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی”.